کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆێنەرانی حیزبی دێموكرات لە گەڵ ئەحمەد شەھید چاوپێكەوتنێکیان پێك ھێنا

14:57 - 30 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە دوو چاوپێكەوتنی جیاوازدا، نۆێنەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە گەڵ ئەحمەد شەھید، نۆێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران چاوپێكەوتنیان ھەبوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کورستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٢٩ی سەرماوەز، لەسەر داوای ئەحمەد شەھید نۆێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، جەمشید خوسرەوی بەرپرسی گشتیی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارك و سەعید سۆڵتانپوور نۆێنەری حیزبی دێموكرات لەو وڵاتە، لە دوو دیداری جیاوازدا لە گەڵ نۆێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دانیشتنیان هەبوو.

لە دیداری یەكەمدا، جەمشید خوسرەوی باسێكی لەسەر باردۆخی مافی مرۆف لە ئێران و بە تایبەتی كوردستان پێشكەش كرد. خوسرەوی وێڕای ئاماژە بە كوشت وبڕی ھێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە كوردستان و كوشتاری رۆژانەی كۆڵبەرانی كورد، ئاماژەی بە سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی كورد لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران كرد.

ناوبراو لەسەر بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی كورد لە بەندیخانەی شاری ئۆرمیە راپۆرتێكی پڕوردەکاریی پێشكەش بە نۆێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

خوسرەوی لەسەر ھەڵاواردنی كوردانی یارسان و زەختی كۆماری ئیسلامی بۆسەر پەیڕەوانی ئەو ئایینە قسەی كرد و ئاماژەی بە پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاژاوە نانەوە و زەختی ھێزەكانی رێژیمی ئێران بۆسەر ئەو كوردانە كرد.

لە دیداری دووھەمدا، سەعید سوڵتانپوور نۆێنەری حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارك لە گەڵ ئەحمەد شەھید دانیشتنی ھەبوو.

سۆڵتانپوور وێڕای بە خێرھاتنی ئەحمەد شەھید بۆ وڵاتی دانمارك و ھەوڵەكانی ناوبراو بۆ پرسی مافی مرۆڤ، بە راپۆرتێكی دوور و درێژ لە سەر باردۆخی مافی مرۆڤ لە كوردستانی ئێران رادەست کرد و ھەروەھا لەسەر سیاسەتی رێژیم بۆ ھەڵاواردنی نەتەوەیی و پیلانەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ لەناوبردنی نەتەوەی كورد قسەی كرد.

سەعید سۆڵتانپوور لە بەشێكی دیكە لە قسەكانی خۆیدا ئاماژەی بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی كورد لە بەندیخانەی ئۆرمیە و ھەڕەشەکانی سەر ئەو زیندانیانە كرد و داوای لە ئەحمەد شەھید نۆێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە دەنگی ئەوان بە كۆمەڵگای جیھانی بگەینێت.

نۆێنەری حیزبی دێموكرات ھەروەھا لە سەر بارودۆخی ئابووری، چاندی، كۆمەڵایەتی، سیاسیی ئێران و كوردستان قسەی كرد و ئاماژەی بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەلی كورد كرد.

لە كۆتایی ئەو دانیشتنانەدا ئەحمەد شەھید رێز و سڵاوی خۆی پێشكەش بە نۆێنەرانی حیزبی دێموكرات كرد كە لە سەر داوای ناوبراو لە گەڵی چاوپێكەوتنیان ھەبووە و زانیاریەكانی ئەوانی بەنرخ پڕبەها زانی.