کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکشەی رێژیمی ئێران لە بەرامبەر داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی کورد

20:27 - 30 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی زیندان و بەرپرسانی رێژیم لە سی و دووهەمین رۆژی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە، لەسەر هەڵویستی خۆیان پاشەکشەیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە حاڵێکدا کە سی‌و‌دووهەمین رۆژی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندی ئورمیە تێپەڕ دەبێت؛ بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئورمیە و بەرپرسانی رێژیم لەم پارێزگایە، لە بەرامبەر داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی کورد کە لە درێژەی مانگرتن لە خواردنی خۆیان هەتا دەستکەوتنی داواکارییەکانیان پێداگر بوون، تەسلیم بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کاتی وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە زاری مەسعوود شەمس‌نژاد وتی: بەرپرسانی زیندان، جیا کردنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانیانی دیکەیان قەبووڵ کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا رایگەیاند کە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی بڵاو نەبووەتەوە و وتراوە کە مانگرتن لە خواردنی ئەم زیندانیانە هەروا درێژەی هەیە.

چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە سەر ئەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران لە لایەکەوە دوابەدوای بەربڵاو بوونی پشتیوانی و پاڵپشتیی لە زیندانیانی سیاسیی کورد و بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران لەلایەن چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد و لە لایەکی دیکەوە پێداگربوونی زیندانیانی سیاسیی کورد بۆ بەدەست هێنانی داواکارییەکانیان لەو هۆکارانەن کە لە کۆتاییدا دەبنە هۆی تەسلیم بوونی رێژیمی ئێران لە بەرامبەری داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی کورد.