کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکانی هێزەکانی رێژیمی سووریە و دوایین پەلەقاژەی ئەسەد بۆ راوەستاندنی شەڕ

14:17 - 1 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: پاش شەڕ و پێکدادانی قورسی نێوان هێزەکانی ئەسەد و گرووپە توندئاژۆکانی نێو سووریە لەم دواییانە و کوژران و بە دیل گیرانی بەشێکی بەرچاوی هێزەکانی ئەسەد لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، بەشار ئەسەد ناراستەوخۆ پاشەکشەی لە دربڕینەکانیدا کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرمیی رێژیمی سووری کە رۆژی دوشەممە ١ی بەفرانبار بڵاوکرایەوە، ئەسەد لە دانیشتنی لەگەڵ سەرۆکی مەجلیسی رێژیمی ئێران بە شێوەیەک داوای دانیشتنی و ئاشتیی نیشتمانیی کردووە.

ئەم سەفەرەی لاریجانی لە حاڵێکدا بوو کە دوو حەوتوو لەمەوبەریش نوێنەری رووسیە بۆ پێکهێنانی دانوستانی ئاشتی و نزیک کردنەوەی ئەسەد و دژبەرانی لە دەمیشق ئامادە بوو و هەروەها هەواڵەکان باس لە دانیشتنی ئەسەد وشاندێکی ئامریکایی لەو ماوەیەدا دەکەن.

پاش ئەم تێکهەڵچوونانە و پاشەکشە و تێشکانی بەردەوامی هیزەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆک وەزیری رێژیمی بەشار ئەسەد سەردانی تارانی کرد و بۆ مانەوە و سەقامگیر بوونی بەشار ئەسەد، داوای یارمەتیی ئابووری و نیزامی زیاتری لە رێژیمی ئێران کرد.

رووسیە و ئێران وەک دوو پشتیوانی سەرەکیی بەشار ئەسەد لە شەڕەکانی ناو خۆی سووریە لە قەڵەم دەدرێن.