کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە نۆروێژ

14:58 - 1 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سێمینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان تووبا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە نوروێژ بەو بۆنەوە پەیامێکی خوێندەوە.

دواتر، ئەنوەر سوڵتانپەناە و فەرەیدوون کەرەمی پەخشانیان پێشکەش کرد.

دوابەدوای ئەوە، پانێلی یەکەمی سێمینارەکە بە بەشداریی هەر یەک لە سمکۆ ئیسماعیلزادە، مریەم عەلیپور و مەلا مەجید پاڵانی بەڕێوەچوو کە لەوەدا هەر کام باسێکیان لە سەر مێژووی هاتنی ناوی پێشمەرگە و هەروەها رۆڵ و گرینگیی پێشمەرگە لە خەباتی رزگاریخوازیی کوردستان پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا بە دوای پشوویەک، سمکۆ بێکەس پەخشانێکی پێشکەش بە بەشداربوان کرد و بەدوای ئەوەدا پانێلی دووهەمی سێمینارەکە بە بەشداریی ئەنوەر کۆهەنساڵ، پەروین مستەفاپور، مەجید یارحوسێنی و عەسکەر عەلیزادە بەڕێوەچوو. ئەو بەشە لە پانێلەکە تایبەت بوو بە گێڕانەوەی بیرەوەریی رۆژانی شاخ و خەباتی چەکداریی پێشمەرگە لە دەیەکانی رابردوودا.

لە کۆتاییدا، هونەرمەندی کورد سامرەند ئەلیاسی چەند سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕیی بەو بۆنەوە پێشکەش بە بەشداربوانی سێمینارەکە کرد.