کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی لە وڵاتی بلژیک

15:11 - 1 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – بلژیک سێمینارێکی لە ژێر ناوی لێکدانەوەی بارودۆخی ئێستا و داهاتووی کورد و کوردستان لە گۆرانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا لە سێ تەوەری جیاوازدا پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو سێمینارە رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران– بلژیک سێمینارێکی سیاسیی بەڕێوەچوو.

سەرەتای، سێمینارە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و دواتر راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیان پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستی پێکرد.

تەوەری یەکەمی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بە بابەتێک لە ژێر ناوی دۆخی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات و کاریگەریی گۆرانکارییەکانی ناوچە لە سەر ئەم بەشەی کوردستان و هەڵویست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم بوارەدا کە لەلایەن شاهۆ حوسێنی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرا.

پاشان، تەوەری دووهەم گۆرانکارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستان لە نێوان ئیستراتیژی و هاوکێشە سیاسییەکاندا کە لەلایەن حیسام دەستپیش، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ پێشکەش کرا.

دوابەدوای ئەم بڕگەیە، تەوەری سێهەمی بابەتەکەش دۆخی ئێستای کورد لە سووریا و پێشبینی داهاتووی ئەم پارچەی کوردستان لە گۆرانکارییەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە و ناوچەدا کە حەبیب ئیبراهیم، کارناسی بواری سیاسی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا پێشکەشی کرد.

هەر سێ کۆڕگێڕ بە وردی باسەکانیان شی کردەوە و بە لێکدانەوەی هەمەلایەنە، دۆخی هەموو پارچەکانی کوردستان لە گۆرانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان شرۆڤە کرد.

جگە لە ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – بلژیک، نوێنەری چەند پارتی سیاسیی بەشەکانی کوردستان بەشدارییان لەم سێمینارە کردبوو.

سێمینارەکە بە هێنانەئارای پرسیارێکی زۆر لەلایەن بەشداران و وەڵامدانەوەیان لەلایەن هەر سێ کەسایەتیی کۆڕگێر کۆتایی پێهات.