کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد/ گیانی زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتوو لە مەترسیدایە

16:30 - 1 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بەپێی دوایین هەواڵی گەیشتوو لە زیندانی ئورمیە، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتە گەیشتووەکان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە سەرچاوەی ئاگادار، جیا کردنەوەی زیندانیانی سیاسیی کورد لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، زیندانیانی کوردی رازی نەکردووە و ئەوان پێداگری جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیانن.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا جەختی لە سەر درێژە پێدانی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە کردووە.

10169.jpg
زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە، لە ٣٣هەمین رۆژی مانگرتنیان بەسەر دەبەن و رایانگەیاندووە تا گەیشتن بە داواکانیان لەسەر مانگرتنیان بەردەوام دەبن


رۆژی رابردووش هەواڵی دەست هەڵنەگرتنی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە کە بووە هۆی بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەلایەن چەند رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێراندا.

رۆژی رابردوو لە حاڵێکدا هەواڵی شکاندنی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە میدیاکاندا بە شێوەی ناڕوون بڵاو کراوەتەوە کە لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی، دەربڕینی نارەزایەتی بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان چالاکی بەڕێوەدەچوو.

کەمپەینی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە هاندەری بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان بووە.

هەندێک لە حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران بە شێوەی دەربڕینی بەیاننامە، لەم بانگەوازە پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە.

یەکێک لە چالاکانی ئەم کەمپەینە بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە: هەواڵی کۆتایی پێهێنانی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە، تەنیا یەک رۆژ پێش بانگەوازەکە، هەر بۆ بە لارێدا بردن و پێشگیری لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان بلاو کراوەتەوە.

10170.jpg
دۆخی نائاسایی لە شەقامی نزیکە بە زیندان، ناو زیندان و دەوروبەری زیندانی ئورمیە کە زیندانیانی سیاسیی کورد لەوێ لە مانگرتن دان


ئەمڕۆ هەواڵی نالەبار بوونی بارودۆخی جەستەیی ژمارەیەک لە مانگرتوانی سیاسیی کورد بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە کە باس لە گواستنەوەی چەند زیندانیی سیاسی کورد بۆ نەخۆشخانەی زیندان دەکات.

زیندانیانی گواستراو بۆ نەخوشخانە، لە بەکارهێنانی سێرۆم خۆیان بواردووە و بۆ بەند گواستراونەتەوە.
ئەوان بوونی بەرپرسان و بەڵێنەکانیان ناڕاست لە قەڵەم داوە و خوازیاری جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیانن و خوازیاری راگرتنی تەواوی زیندانیانی سیاسیی کورد لە لای یەکن.

هەتا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ هەواڵێکی روون و پشتڕاستکراو لە بارەی مانگرتنی سەرتاسەری لە جێگا جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا نەگەیشتووە.

ئەمڕۆ هەواڵی داخرانی دووکان و بازار و خۆبواردن لە هاتوچوو لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە کە پاش پشتڕاستکردنەوە بڵاو دەکرێنەوە.