کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بە بانگەوازی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی کورد وڵامی داوە

14:12 - 2 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی کوردی شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز و روانسەر بە پێشوازی لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران، هاودڵی و هاودەنگی خۆیان بە زیندانیانی ئورمیە نیشان دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دوشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن گرووپێک لە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردستان وەک رۆژی هاودڵی و هاودەنگی لەگەڵ مانگرتووانی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە راگەیاندراوە، کە لەگەڵ پێشوازی هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت بازاریان بەرەوڕوو بووەتەوە.

10172.jpg

هەواڵگەلێک لە جێگا جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە کە راست‌بوونی ئەو هەواڵانە هەتا ئێستا پشت‌راست نەکراونەتەوە.

کەمپەینی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە لە راپۆرتێکدا، رایگەیاند کە بازاری شاری مەهاباد داخراوە بڵاو و لەم پەیوەندییەدا رایگەیاندووە کە ئەمڕۆ، هاتووچوو لە شاری مەهاباد بە کەمینە گەیشتووە.
چەند هاووڵاتی ئاماژەیان بە داخرانی دووکان و بازارەکان کرد و رایانگەیاند کە هاتووچوو لە مەهاباد زۆر کەم بووە و جەختیان کردووەتەوە کە هاووڵاتییانی کوردی مەهابادی پێشوازیان لە مانگرتنی سەرتاسەری کوردستان کردووە.

یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەمپەینەکە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاند، دانیشتوانی گوندەکانی روانسەر پێشوازیان لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران کردووە و هەروەها لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند زۆربەی دانیشتوانی گوندەکانی روانسەر، ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە هاتووچوو کردن بۆ ناو شار خۆیان بوواردووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە درێژەدا وتی: دانیشتوانی گوندی بێراوا، سەر بە ناوچەی روانسەر پێشوازییەکی بەرچاویان لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان کردووە و دانیشتوانی ئەم گوندە چالاکیی خۆیان راگرتووە.

10175.jpg

راپۆرتەکانی کەمپەینی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە، باس لە شێوە جۆراوجۆرەکانی پشتیوانی و هاودڵی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتووی زیندانی ئورمیە دەکات.

دەوترێت کە لاوانی کوردلە گوندی لارەما سەر بە ناوچەی روانسەر، سەرەرای پێشوازی لە مانگرتنی سەرتاسەری کوردستان، ئاڵای کوردستانییان لە بەرزایەکانی ئەو گوندە هەڵکردووە.

لەم پەیوەندییەدا، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی سنە بە نووسینی پلاکارد پشتیوانی خۆیان لە زیندانییانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە کە ٣٣ رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، دەربڕیبوو.

ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، راپۆرتەکانی گەیشتوو لە شاری سـنە باس لە مانگرتنی هاووڵاتییانی کوردی لەم شارە دەکات.

کەمپەینی ئەمڕۆ ئورمیە دڵی کوردستانە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، وەک رۆژی هاودڵی و هاودەنگی لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی کورد راگەیاندووە، ئەم کەمپەینە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە سنە رایگەیاندووە کە زۆربەی دووکان و بازار و کارگە پیشەییەکانی شارەکی سەنعەتیی سنە ئەمڕۆ داخراون.

راپۆرتەکان لە شاری سەقز باس لە پێشوازی بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران و هاودڵی و هاودەنگی لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی کورد دەکەن.

بەپێی راپۆرتەکان، دووکاندارانی شاری سەقز، ئەمڕۆ دووکانەکانیان داخستووە و لە مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی ئێران پێشوازیان کردووە و لەگەڵ زیندانیان سیاسیی کورد هاودڵی خۆیان راگەیاندووە.

بەهەۆی پێشوازیی بەرینی هاووڵاتیانی سەقزی، هێزەکانی ئیدارەی ئەماکنی رێژیم جگە لە هەڕەشەی داخستنی دوکان، وتوویانە کە ئەو کەسانەی دوکانیان داخستبێ، مۆڵەتی کاریان لێ وەردەگیرێت و دەستبەسەریش دەکرێن.

10173.jpg

یەکێک لە بازاڕیەکانی سەقز بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە: کاتژمێر ٩ی سەرلە بەیانی هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیم لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هەڕەشەی دەستبەسەرکران و داخستنی دوکانەکەیان لێ کردوومە.

ئەو هاووڵاتییە دوکاندارە لە درێژەدا وتی: زۆربەی دوکانداران و بازاڕیەکان دوای هەڕەشەی هێزە نیزامە و ئەمنییەتییەکان دەڕابەی دوکانیان هەڵداوە و بێ کردنەوەی دوکانیان گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان.

دەوترێت کە هەنووکە، هێزە لیباس شەخسییەکانی رێژیمی ئێران، کەشێکی ئەمنییەتییان بەسەر شەقام و کۆڵانەکانی سەقزدا زاڵ کردووە و بەتەمای ئەوەن کە بە رێگری لە کۆبوونەوەی هاووڵاتییان، لە ئەگەری مانگرتنی سەرتاسەری پێشگیری بکەن.

یەکێک لە هاووڵاتیانی خەڵکی سەقز بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند کە سەقز ئێستا وەک بنکەیەکی سەربازیی لێهاتووە کە تەنیا سیمی خارداری نییە.

دەوترێت کە جگە لە دووکانداران و فەرمانبەران سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی سەقز لەم مانگرتنە پێشوازییان کردووە.

پێشوازی لە مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستان بۆ پشتیوانی لەو زیندانیانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی زیندانی رێژیم بە بەڵێنی جیا کردنەوەی بەندی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانیەکانی دیکە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەو مانگرتنە لە شوێنێک کۆتایی پێبێنن.

بەپێی راپۆرتەکان، بەڵێنیی جیا کردنەوەی بەندی زیندانیان، زیندانیانی سیاسی رازی نەکردووە و لەسەر جێبەجێ بوونی داواکارییەکانیان پێداگرن و رایانگەیاندووە کە لە مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبن.

رۆژی رابردوو ئەو هەواڵانەی کە باسیان لەوە کردبوو کە زیندانیانی مانگرتوو سەبارەت بە جێبەجێ کردنی هەندێک لە داواکارییەکانیان دەستیان لە مانگرتن هەڵگرتووە ؛ بێ بنەما راگەیەندران.

10174.jpg

زیندانیەکی پێشووی سیاسیی کورد لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەوە وتی: لە وەها دۆخێکدا کە زەختی چالاکانی مەدەنی، راگەیاندنەکان و رای گشتی لەسەر رێژیم دەکەوێ، بەرپرسەکان رێکارێکی باویان بۆخۆیان هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە بە پێدانی بەڵێنیی ناڕاست و زارەکی وەک فاکتۆرێکی هێورکەرەوە کەڵک وەردەگرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، زیندانیانی مانگرتوو لەسەر مانگرتنەکەیان هەروا پێداگر و بەردەوامن.