کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد وەدرۆ خرا

18:36 - 2 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: دوای بڵاوبوونەوەی چەندین هەواڵ سەبارەت بە کۆتایی هێنانی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە؛ بەپێی وتەی سەرچاوەی جۆراوجۆر دەرکەوت کە ئەو مانگرتنە جارێ بەردەوامە.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە زاری محەممەد ساڵح نیک‌بەخت بڵاوی کردەوە کە مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد کۆتایی پێ نەهاتووە و ئەو مانگرتنە هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی ئەو راپۆرتە هەواڵی کۆتایی هێنانی مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لەلایەن ئەو سەرچاوە هەواڵدەرییەوە وەک دەنگۆیەک ناوی لێبراوە.

هەواڵدەریی کوردپا لە زاری بنەماڵەی دوو کەس لە زیندانیانی سیاسی و محەممەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەری چەندین کەس لە زیندانیانی سیاسی مانگرتوو، هەواڵی کۆتایی هێنانی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی وەدرۆ خستووەتەوە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێژیمی ئێران بە وادە و بەڵێنی سەبارەت بە جێبەجێ کردنی داواکاریی زیندانیان لە هەوڵی ئەوە دابووە کە لە پێشوازیی خەڵکی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی رێگری بکات.

بەڵێنی جیاکردنەوەی بەندی زیندانیانی سیاسی لەلایەن بەرپرسانی زیندان، زیندانیانی سیاسیی رازی نەکردووە و ئەو زیندانیانە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان پێداگریان کردووە و رایانگەیاندووە کە هەتا جێبەجێ کردنی داواکاریەکانیان درێژە بە مانگرتن دەدەن.

دوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان و پێشوازی لەو مانگرتنە لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، سـنە، بۆکان، شنۆ، روانسە و ئورمیە چەندین میدیا رایانگەیاند کە زیندانیانی سیاسی کۆتاییان بە مانگرتنەکانیان هێناوە کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئەو هەواڵەی وەدرۆخستەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە، زیندانیانی سیاسیی کورد هێشتا لە حاڵی مانگرتندان.