کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی ئەهواز پێنجەمین رۆژی خۆی تێپەڕ کرد

18:33 - 4 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونی ئەهواز سەبارەت بە دۆخی نالەباری خۆیان بە شێوەی گرووپی مانیان لە خواردن گرتووە.
ماڵپەڕی مافی مرۆڤی نەفەس دەر قەفەس لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ٥٩ کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونی ئەهواز مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو مانگرتن لە خواردنە لە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکردووە و هەنووکە پێنجەمین رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات.

باشترکردنی دۆخی زیندان و پێڕاگەیشتن بە دۆخی زیندانیانی نەخۆش لە سەرەکیترین داواکاریی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی زیندانی کاروونی ئەهواز بووە.

هەروەها، باشتربوونی هەڵسوکەوتی کارمەندان و پیرسۆنێلی نیزامیی زیندان لەگەڵ زیندانیان، دابینکردنی ئیمکاناتی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان وەک تەرخان کردنی کاتی پەیوەندی گرتن و چاوپێکەوتنی حوزووری و دابینکردنی ئیمکاناتی خوێندنەوە و درێژەدان بە خوێندن لە زیندان لە داواکارییەکانی دیکەی زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونی ئەهواز راگەیەندراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە بەرپرسانی زیندانی کاروون و کاربەدەستانی رێژیمی ئێران لە ئەهواز، هەتا ئێستا هیچ دژ کاردانوەیەکیان سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی زیندانی کاروون لە خۆ نیشان نەداوە.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروون لە حاڵێکدایە کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکرد کە مانگرتنی گرووپێک لە زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە پێ نابووە سی و پێنجەمین رۆژی خۆی.

زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی دەریا (زیندانی ناوەندیی ئورمیە) بە هۆی جیا نەکردنەوەی بەندی زیندانیانی سیاسی لە زیندانیانی دیکە لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی مانگرتن لە خواردنیان دست پێکرد بوو و دوای ٣٤ رۆژ خۆڕاگری بە وادەی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندان، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.

چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەو داواکارییەی زیندانیانی سیاسیی لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئێسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا روون نییە.