کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا١٢٨٠ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان رووی داوە

18:46 - 6 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ئەمساڵدا، حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان گەییشتنە ١٢٨٠ حاڵەت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا و بە پشتبەستن بە راپۆرتی ئاماریی بڵاو کراوە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا بۆ لانیکەم ٦٠٤ حاڵەت بەرز بووەتەوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٦٧٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان رووی دابوو.

بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٤٥١ حاڵەت دەستبەسەرکران، ٣٣١ حاڵەت بانگهێشتی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیم، ٥٠ حاڵەت سەپاندنی سزای زیندان یا جەریمەی نەختی، ٩٦ حاڵەت کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی و ٤٢ حاڵەت مردن و برینداربوونی هاووڵاتیانی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق لە کوردستانی ئێران رووی داوە.

ئاماری ئاژانسی کوردپا لە پەیوەندی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی دەرخەری ئەوەیە کە لەم ٩ مانگەدا ١٥٠ حاڵەت مانگرتن، ٤٤ حاڵەت گواستنەوە بۆ زیندانەکانی دیکە یا ژووری تاکە کەسی، ٦٤ حاڵەت پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، ١٢ حاڵەت ئەشکەنجە، لێدان و بێ حورمەتی کردن و ٣ حاڵەت گوشار بۆ بنەماڵەکانیان تۆمار کراوە.

خوێندکاران و مامۆستایانی کوردیش لە ماوەی ٩ مانگی رابردوودا وەک هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە شێوەی سیستماتیک مافەکانیان لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشێل کراوە و لەو پەیوەندییەدا ٥ حاڵەت بێبەری کردن لە خوێندنی خوێندکاران و یەک حاڵەت دەرکرانی مامۆستا لە زانکۆ و هەروەها ٥ حاڵەت دەرکرانی خوێندکاران لە خەوتنگاکان رووی داوە.

لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٦ حاڵەتی دیکە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ وەک ٦ حاڵەت مردن و کەم ئەندام بوونی هاووڵاتیانی بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی و کەم کاریی کادری دەرمانی نەخۆشخانەکان، ٢ حاڵەت بێبەری کردن لە چالاکیی مەزهەبی، یەک حاڵەت دوورخستنەوەی هاووڵاتیانی کورد بۆ شارەکانی دیکە و چەندین حاڵەت دەرکرانی ئیجباریی چالاکانی مەدەنی لە ئێران لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە تۆمار کراوە.

ئەم ئامارە، لەسێدارەدان و خوکوژیی هاوڵاتییانی کورد لە خۆ ناگرێت.

10194.jpg