کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٩ مانگدا ٨٣٢ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران دەستبەسەر، بانگهێشت و حوکم دراون

16:06 - 7 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان بەردەوامەوە و لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٨٣٢ حاڵەت دەستبەسەرکران، بانگهێشت و حوکم درانی هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە وەرزی پاییزدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٨٣٢ حاڵەتی بانگهێشتی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و هەروەها داسەپانی حوکم بە سەر هاووڵاتیانی لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمەوە، رووی داوە.

لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٣(وەرزی بەهار)دا ١١٠ حاڵەت دەستبەسەرکران، ٥٦ حاڵەت بانگهێشت و ٢٢ حاڵەت مەحکووم‌کران بە زیندان و جەریمەی نەختی لە کوردستانی ئێراندا تۆمار کراوە.

لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا، ٩٥ حاڵەت دەستبەسەرکران، ٤٢ حاڵەت بانگهێشت و ١٩ حاڵەت داسەپانی حوکمی زیندان و جەریمەی نەختی بەسەر هاووڵاتیانی کورد رووی داوە.

هەروەها لە ماوەی سێ مانگی پاییزیشدا، ٢٤٦ حاڵەت دەستبەسەرکران، ٢٣٣ حاڵەت بانگهێشت و ٩ حاڵەت مەحکووم‌کران بە زیندان و سزای دیکە لە کورستان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە رووی داوە.

بە پێی ئەو راپۆرتانە کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وەرزانە بڵاوی کردووەتەوە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، گەییشتووەتە ١٢٨٠ حاڵەت.
10199.jpg

ئەم راپۆرتە ئاماریە کە لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە، دەستبەسەرکران، بانگهێشت، حوکم‌دران، کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی کوردی بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم و تەقینەوەی مین و هەروەها پیشێلکارییەکانی رێژیم لەبارەی مافی زندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و هەروەها مردن و کەم ئەندام بوونی هاووڵاتیانی بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی و کەم‌کاریی کادری دەرمانی نەخۆشخانەکان، بێبەری کردن لە چالاکیی مەزهەبی، دوورخستنەوەی هاووڵاتیانی کورد بۆ شارەکانی دیکە و چوونەدەرەوەی ناچاریی چالاکانی مەدەنی لە ئێران و هەروەها پێشکلکرانی مافی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کورد لە خۆ دەگرت.