کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەشیمەتی زیندانیانی ئێران لەژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی، ٢١ قات زیادی کردووە

14:38 - 8 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: حەشیمەتی زیندانیانی ئێران دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە لە ١٠ هەزار کەس بۆ ٢١٠ هەزار کەس بەرز بووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا و بە پشت‌بەستن بە ئامارەکانی دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەنووکە لانیکەم ٢١٠ هەزار زیندانی لە زیندانەکانی ئێراندان.

بەرزبوونەوەی ژمارەی زیندانیانی ئێران بۆ ٢١٠ هەزار کەس لە حاڵێکدایە کە پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە ئێران تەنیا ١٠ هەزار زیندانی هەبوون.

هەنووکە ئێران لە بواری هەژماری زیندانیان لە ریزی ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان دایە.

حەشیمەتی ٢١٠ هەزار کەسیی زیندانیانی ئێران لە بارودۆخێکدایە کە بە وتەی سەرۆکی رێکخراوی زیندانەکانی رێژیمی ئێران، دەفرایەتی زیندانەکانی ئەو وڵاتە لانی‌زۆر جێگای ١٠٠ هەزار کەسی هەیە.

حەشیمەتی زیندانیان دوو قات زیاتر لە دەفرایەتی زیندانەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە بارۆدۆخێکی ئاڵۆز و شێواو لە زیندانەکان بەتایبەت بۆ زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی پێک بێت.