کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

16:20 - 8 بەفرانبار 2714

 کوردستان میدیا: محەممەد فاتحی (ئێناخی) پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی گوندی سەریاس سەر بە شاری پاوە بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی محەممەد فاتحی (ئێناخی) پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی سەریاس ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک محمد ئێناخی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی هێرتای ناوچەی ئێناخ سەر بە شاری پاوە لە دایک بوو، هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رێژیمی پاشایەتی و دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب وەک کەسێکی نیشتیمانپەروەر و گەل‌دۆست، دەستی دایە چەکی پێشمەرگایەتی و هاتە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.

لە کارەساتی هەڵەبجەدا کاک محمد کەوتە داوی هێزەکانی رێژیمی ئێران و دەستگیر کرا و بردرایەوە قەتڵگای دیزڵ ئابادی کرمانشان و لەوێ حوکمی ئیعدامی بۆ بڕایەوە؛ دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانیی حوکمی زاڵمانەی رێژیم، ئە وحوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

10207.jpg
محەممەد فاتحی (ئێناخی) پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران


دوای ١٣ ساڵ مانەوە لەزیندان و بەروڕوبوونەوە لەگەڵ دەیان جۆری ئەشکەنجە و ئازاری ڕوحی و جەستەیی، ئازاد کرا.

ناوبراو یەکێک لەو تێکۆشەرانەی حیزب بوو کە بەوپەڕی فیداکاری و دڵسۆزیەوە خزمەتی بە گەل و نیشتیمانەکەی دەکرد و دوای گیرانیشی سەرەڕای هەموو ئازارەکانی کە چێشتبووی ، هەتا دوا ساتی ژیانی بە قورس و قایمی بەرگریی لە رێبازەکەی کرد و زەبر و زەنگ نەیتوانی بچووکترین کاریگەری لەسەر ورەی بەرز و کوردانەی کاک محمد دابنێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سه رەخۆشی له بنەماڵه و کەس وکاری کاک محەممەد دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.