کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوتوێکردنی دەورەیی دۆسیەی مافی مرۆڤ و ٢٩١ پێشنیار بە رێژیمی ئێران

15:59 - 9 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران، نزیکەی دوو مانگی دیکە دەرفەتی هەیە هەتا پێشنیارەکانی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەربارەت بە باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵایە، وڵام بداتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خولی دووهەمی تاوتوێکردنی دەورەیی جیهانی پەروەندی مافی مرۆڤی رێژیمی ئێران لە شورای مافی مافی مرۆڤ، رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ هەتا ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداریی شاندی نێردراوانی ئێران لە بارەگای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، بەڕێوەچوو. 

لەو دانیشتنەدا کە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ماوەی ٤ ساڵی رابردووی وڵاتی ئێران تەرخان کرابوو؛ سەرەتا بە پرژانەسەر جێبەجێ کردنی ئەو ١٢٦ پێشنیارەی کە وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خولی یەکەمی تاوتوێکردنی دەورەیی جیهانی پەروەندەی مافی مرۆڤی رێژیمی ئێران کە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بەو رێژیمەیان دابوو؛ دەستی پێکرد و چەندین باس پێشکەش کرا.

رێژیمی ئێران لە خولی یەکەمی تاوتوێکردنی دەورەیی پەروەندەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو ٢١٢ پێشنیاری پێدرا بوو کە ئێران ١٢٦ راسپاردەی قەبووڵ کرد و بەڵێنی بەڕێوەبردنی ئەو راسپاردانەی دا.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان لە پەیوندی لەگەڵ پەروەندەی مافی مرۆڤی رێژیمی ئێران لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا و ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دراوە؛ دەرخەری ئەوەیە کە رێژیمی ئێران لەو ١٢٦ پێشنیارەی کە لە خولی یەکەمی دانیشتنەکانی مافی مرۆڤ قەبووڵی کردبوو؛ تەنیا یەک حاڵەتی بەڕێووە بردووە.

بەشێکی دیکە لەو دانیشتنە بە رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و پێشنیاردان لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رێژیمی ئێران بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە تەرخان کرابوو.

لە ماوەی تاوتوێکردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ژنێڤ، لەلایەن ١٠٨ وڵاتی بەشداربوو ٢٩١ پێشنیار و رێگا چارە بە رێژیمی ئێران پێشنیار کرا.

بەپێی ئەو راپۆرتە ئیسپانیا سەبارەت بە لەسێدارەدانی منداڵان و هاوڕەگەزبازان و هەروەها لابردنی سزای بەردباران، سوید لە بواری مافی بەهاییەکان، ئازادیی ئینتێرنێت، نەمانی سانسۆر لە سەر چاپەمەنییەکان و پەرەپێدانی ئازادیی رادەربڕین و هەروەها تاجیکستان لە پێوەندی لەگەڵ باشترکردنی دۆخی ژنان و باشترکردنی رێژەی بەشداریی ژنان پێشنیاریان خستە بەردەست.

هەروەها بریتانیا، ئامریکا، ئارژانتین، ئوسترالیا، بەحرەین، کانادا، چێک، دانماراک، فینلاند، و فەرانسە لەو وڵاتانە بوون کە رەخنەیان لە دۆخی مافی مرۆڤی ئێران و بەردەوامی ئەو رەوتە گرت و رێ و شوێنی شیاویان بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشنیار کرد.

مافی کەمینەکان، ئیعدامی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، ئازادی چاپەمەنییەکان، ئازادی مافی پارێزەری، ئازادی ئینتێرنێت و رۆژنامەوانان، ئازادی کەمینە رەگەزییەکان، ئازادی کەمینە ئاینییەکان، داخرانی بەرنامەی راگەیاندنە فەرمییەکان بۆ سووکایەتی پێکردنی کەمینەکان، دانپێدانانی زۆرەملی و سەردانی ئەحمەد شەهید بۆ ئێران، لەو بابەتانە بوون کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو رێگا چارەیان بۆ پێشنیار کرا.

ئۆسترالیاش خوازیاری راگرتنی ئیعدامی منداڵان، ئازادیی رادەربڕین و کۆبوونەوە و ئازادیی زیندانیانی سیاسی، رەچاوی مافی بەهاییەکان، کوردەکان و دەروێشەکان بوو.

هەروەها فەرانسە، ئاڵمان و سوئیس لەو وڵاتانە بوون کە سەرەرای مەحکووم کردنی شەپۆلی ئێعدامەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە رێگا چارەیان پێشنیار کرد.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە دووهەمین دانیشتنی تاوتوێکردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ٥٠ داواکاریی کۆمەڵگای جیهانی لە چوارچێوەی لابردنی هەڵاواردنی ژنان، کچان و کەمینە رەگەزیەکان پێشنیار کرابوو.

دوای پێدانی ئەو پێشنیارانە لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو لەو دانیشتنەدا، شاندی نێردراوانی رێژیمی ئێران لە شۆرای دەورەیی مافی مرۆڤ، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بڕیاردان لەسەر قەبووڵ‌کردن یا رەتی پێشنیارەکانی ١٠٨ وڵاتی جیهانی بۆ مانگی مارسی ٢١٠٥ زایینی (١٠ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی هەتا ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی) وەدوا خست.