کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شنۆ/ باوکی شەهیدێکی رێگای رزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

15:30 - 26 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رەشید تەهاپوور خەڵکی شاری شنۆ و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هۆی بەساڵاچوویی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، رەشید تەهاپوور باوکی شەهید رەحمان تەهاپوور لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

رەشید تەهاپوور خاوەن کەسایەتییەکی نیشتمان‌پەروەر، دڵسۆز و خۆشەویستی ناوچەی شنۆ و دەوروبەری بوو.

رەشید تەهاپوور رۆژی شەممە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی شنۆ و دۆستان و ئاشنایانی لە گۆڕستانی شنۆ بە خاک سپێردرا.

شەهید رەحمان تەهاپوور لە سالی ١٣٤٣ لە گوندی سۆفیان لە دایک بوو و چووە ناو ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە نۆزدەی رەزبەری ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە شەڕ بە دژی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی لە شاری ئورمیە لە شەڕێکی قارەمانانەدا پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان بوو.

گڵکۆی شەهید رەحمان تەهاپوور ئێستاش بێسەروشوێنە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی رەشید تەهاپوور و کەس وکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانێت.