کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق/ کوژرانی ١٣ هەزار خەڵکی سێڤیل لە ساڵی ٢٠١٤

20:33 - 13 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ٢٠١٤ی زایینیی وەک یەکێک لە خوێناویترین ساڵەکان بۆ وڵاتی عیراق راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی ئاماریدا، ژمارەی قوربانیانی تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی وڵاتی عیراقی راگەیاند.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی لە عێراق، لانیکەم ١٣هەزار کەس لە خەڵکی سێڤیل لە شەڕ و هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا کوژراون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتریش رایگەیاندووە کە ژمارەی کوژراوانی سێڤیل لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، زیاتر لە ٧٨٠٠ کەس بووە.

هێرش و کردەوەکانی گرووپی تیروریستی داعش، سەرەکیترین هۆکاری بەرز بوونەوەی بەرچاوی کوشتوبڕ لە عێراق راگەیاندراوە.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پشتیوانیی هیزی هاوپەیمانی جیهانی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، پاشەکشەیان بە گرووپی تیرۆریستی داعش کردووە.

چەند رۆژ لەمەوبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، شاری شەنگالی کە چەندین مانگ لە ژێر دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستی داعشدا بوو، رزگار و کۆنترۆل کردەوە.

ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کوردە ئیزەدییەکانی شەنگال، پاش هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ ئەم شارە، ئاوارە بوون و ژمارەیەکیش کوژران و بەدیل گیران.

پاش کردەوەی نامرۆڤانەی داعش لە شەنگال، ئیوان سیمونوویچ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کار و باری مافی مرۆڤ کردەوەی جەنایەتکارانەی گرووپی تیروریستی داعش دژی کوردە ئیزەدییەکان ژینۆساید راگەیاند.