کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ٤ قوربانی لێکەوتەوە

21:00 - 13 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە شار و ناوچە سنووریەکانی کوردستان کۆڵبەرێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.


بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە کۆڵبەران و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ١٠ کیلۆمیتری دەرەوەی کرماشان بۆ سـنە و لە سێ رێیانی قازانجی، ماشێنی دوو هاووڵاتیی کورد درایە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم و لە ئاکامدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سەجاد گودەرزی کوڕی سەعید کوژرا و یەکێکی دیکە لە سەرنشینانی ئەو ماشێنە بە ناوی نەزیر خەڵکی گوندی تیلەکۆ سەر بە شاری کامیاران بریندار بوو.

سەجاد گودەرزی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گوندی زیویەی شاری کامیاران بووە کە بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژراوە؛ ناوبراو ماوەیەک لەمەو بەر ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.

هەروەها بە هۆی تەقەی هیزەکانی رێژیمی ئێران لە کۆڵبەرانی سەر سنوورەکان لە بەشی خاومیرئاوای سەر بە شاری مەریوان دوو کەس لە کۆڵبەران بە توندی بریندار بوون.

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزەکانی رێژیم لە نزیک گوندەکانی ساوجی و مێرگە درێژ تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە کە لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی بەختیار خەڵکی گوندی شارانی و \'\'مەحموود خەڵکی گوندی قوتوەند بریندار دەبن، یەکێک لە کۆڵبەران بە ناوی مەحموود بە هۆی قووڵیی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان گوازراوەتەوە.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لەم دەستڕێژەی هێزەکانی رێژیمدا، زیاتر لە ١٠ کۆڵبەری کورد لەلایەن مەئموورانی هەنگی سنووریی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون کە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتیانە لە بەر دەست‌دا نییە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە گوندە سنوورییەکان ٥ ئەسبی بارهەڵگری هاووڵاتیانیان کوشتووە.

بە پێی ئاماری کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ١٣٩٣ی هەتاویدا، ٤٤ هاووڵاتیی کورد لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کوژرا و هەروەها ٩٤ هاوولاتیی دیکەش بریندار بوون.