کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ لاوی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر کران

13:41 - 14 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: چوار لاوی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو و ٣ کچە خوێندکاری کورد لە تاران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە تاران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سێ کچە خوێندکار و دەستبەسەریان کردوون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی ئەم سێ کچە خوێندکارە کوردەی شیلان و کەوسەر رەحمانی‌پوور خەڵکی شاری بۆکان و چنوور عەباسی خەڵكی شاری سنە راگەیاندووە و هەواڵەکان دەرخەری ئەوەن ئەم سێ کچە کوردە بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئم سێ خوێندکارە کوردە، دوو حەفتە پێش لە ئێستا هاورێ لەگەڵ ١٨ چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی دیکەی کورد، لەمەڕ دۆخی ژنانی چالاکی بواری سیاسی و فەرهەنگیی کورد کە لە زیندانەکانی ئێراندا بەسەردەبەن ، نامەیەکیان بۆ عەلی خامنەیی و کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ئێران ناردبوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا و لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سلێمان کوردی کوڕی رەحمان، کەیوان تەهازادە کوڕی عوسمان، کەماڵ ئەحمەدزادە کوڕی رەحیم خەڵکی گوندی گامێشگۆلی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان و هەڵمەت کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی قەرەگۆلی ناوچەی چۆمی مەجید خانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواوەوە دەستبەسەر کراون.

ئەم چوار لاوە کوردە کە لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دەستبەسەر کراون، بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە و لە چارەنووسی ئەم چوار لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرتای ئەمساڵدا، ٨٣٢ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمەوە بانگهێشت، دەسبەسەر و حوکم دراون.