کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروون پانزدەیەمەن رۆژی خۆی تێپەڕ دەکات

15:01 - 14 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونی ئەهواز بێ ئاوڕدانەوەی بەرپرسان بە داواکارییەکانی زیندانیانی مانگرتوو، هەروا درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی کارون ئەهواز، دووهەمین حەفتەی خۆی تێپەڕ کرد و چووە ناو پانزدەیەمین رۆژی خۆی.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، بەرپرسانی زیندانی کارون و بەرپرسانی ئەهواز هەتا ئێستا هیچ وڵامێکی روونیان بە زیندانیانی سیاسیی زیندانی کارون نەداوەتەوە.

نوێترین راپۆرتەکان باس لە بارودۆخی نالەباری جەستەیی یەکێک لەو زیندانییانە دەکات.

بەپێی ئەم راپۆرتە، جابر سەخراوی، زیندانییەکی سیاسی مانگرتوو، بە هۆی ئەشکنجە هەر دوو پای فەلەج بووە و چاویشی خەریکە لە دەست بدات.

دەوترێت، کە بەرپرسانی زیندانی کاروون، سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی سەخراوی، لە چوون بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریی رێگرییان کردووە.

رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، ٥٩ کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروون لە ئەهواز، بە هۆی بارودۆخی نالەباری ناوەوەی زیندان مانیان لە خواردن گرتووە.

باشتر بوونی دۆخی زیندان، پێڕاگەیشتن بە دۆخی زیندانیانی نەخۆش، باش بوونی هەڵسووکەوتی پێرسۆنێل و کارمەندانی زیندانی لەگەڵ زیندانیان، باشتر بوونی پێداویستییەکانی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکان وەک تەلەفۆن و چاوپێکەوتن و دابین بوونی بەستێنی خوێندن و درێژە‌دان بە خوێندن لە داواکارییەکانی زیندانیانی سیاسیی زیندانی کاروونە.