کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە مانگرتوانی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە، لە سێدارە درا

20:05 - 16 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سابیر موخەلەد‌ موانە، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ئورمیە کە یەکێک لە مانگرتوانی ئەم دواییانەی ئەو زیندانە بوو؛ لە سێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، سابیر موخەلەد ‌موانە، زیندانیی سیاسیی زیندانی ئورمیە (دەریا) لە سێدارە درا.

ئەم زینداییە سیاسییە کوردە، رۆژی دوشەممە رێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزرابوو.

سابیر موخەلەد ‌موانە یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانە بوو کە لە دوو مانگی رابردوودا هاوڕێ لەگەڵ ٢٧ زیندانیی سیاسیی کورد، لە لقی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ئورمیە، بۆ دەربڕینی نارەزایەتی سەبارەت بە جیا نەکردنەوەی زیندانییە سیاسییەکان بۆ ماوەی ٣٣ رۆژ مانیان لە خواردن گرت.

هێزە ئیتلاعاتییەکان و بەرپرسانی زیندانی ئورمیە، پێشتریش لە کاتێکدا کە زیندانیانی سیاسیی کورد مانیان لە خواردن گرتبوو، هەڕەشەی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامیان لێکردبوون.

سابیر موخەلەد‌ موانە، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی ئورمیە، رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.
10260.jpg


ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای دەستبەسەر کران و تێپەڕاندنی ٣ مانگ لە گرتنگەکانی سپای پاسداران، لەلایەن دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا لە رێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە، حوکمی ئێعدامی ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکان و تێکدانی تەناهیی نیشتمانی پشتڕاست کردبووە.

سابر موخەلەد‌ موانە، زیندانیی سیاسیی کورد پاش تێپەڕکردنی دوو ساڵ و نیو لە گرتنگەکانی سپای پاسداران و زیندانی ئورمیە، ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە سێدارە درا.