کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکران و راگواستنی سێ هاووڵاتیی کورد بۆ زیندانی مەهاباد

20:44 - 16 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی کوردی دیکەی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کران.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ی بەفرانباتی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران لە مەهاباد سێ لاوی کوردیان کە پێشتر بە زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرابوون، دەستبەسەر و بۆ زیندانی مەهاباد راگواست.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی ئەحمەد خاڵندی تەمەن ٢٦ ساڵ، ئیدریس عەزیزی پوور و سەفین حاجی رەمەزانی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی قەرە قشڵاقی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد رایگەیاندووە.

ئەو راپۆرتە باس لەوە دەکات کە ئەو سێ لاوە کوردە پێشتریش هەر کامەیان بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرابوون و لەم دواییانەدا ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە تەئید کرابوو.

ئەحمەد خاڵندی، ئیدریس عەزیزی پوور و سەفین حاجی رەمەزانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا دەستبەسەر کران و بەدانانی بارمتە ئازاد کران.

چەند رۆژ پێش ئێستا چوار لاوی کورد لەلایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندوئاو و سێ خوێندکاری کورد لە تاران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کران و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو حەوت لاوە کوردە دوای دەستبەسەرکرانیان لە بەر دەستدا نییە.