کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران

18:44 - 18 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کورد لە سنوورەکانی شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی عەلی‌ئەکبەر کەیکاووسی تەمەن ٢٥ ساڵ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران کوژرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی عەلی‌ئەکبەر کەیکاووسی لە ناوچە سنوورییەکانی شێخ سەڵێ کە سەرقاڵی کۆڵبەری بووە لەلایەن هەنگی سنووریی سپای پاسدارانی پارێزگای کرماشان دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـله.

هەواڵدەریی کوردپا لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە؛ عەلی‌ئەکبەر کەیکاووسی خێزاندار و خاوەنی یەک منداڵێک، پاش بەرکەوتنی گولـلە، کوژراوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، تەرمی ئە لاوە کوردەی دانیشتووی گوندی رەجەوی هەنووکە لە ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان راگیراوە.

کۆڵبەری یەکێک لە کاسبیە مەترسیدارەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانە و خەڵکی کوردستان بە هۆی نەبوونی داهات و بێکاری روویان کردووەتە کۆڵبەری و ساڵەن بە دەیان هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەکەونە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی گولـلە و کوژراو و بریندار دەبن.

مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق یەکێکی دیکە لەو دیاردانەیە کە ساڵەنە بە دەیان هاووڵاتیی کورد دەکاتە قوربانی.

بە پێی ئاماری کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ١٣٩٣ی هەتاویدا، ٤٤ هاووڵاتیی کورد لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران و تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق کوژرا و هەروەها ٩٤ هاوولاتیی دیکەش بریندار بوون.
رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد کە ناوچە سنووریەکان نیگەرانی جیددیی دەربڕیوە و داوای لە رێژیمی ئێران کردووە کە پێش لە کوشتاری هاووڵاتیانی کورد بگرێت.