کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی مستەفا هیجری بۆ سەرکۆماری فەرانسە سەبارەت بە کردەوەی تیرۆریستیی پاریس

14:58 - 19 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دووتۆی نامەیەکدا بۆ فرانسوا هۆلاند سەرکۆماری فەرانسە، بەبۆنەی کردەوەی تیرۆریستیی پاریس، سەرەخۆشی لە خەڵکی ئەو وڵاتە کرد.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕیز سەرکۆمار

لەم کاتە ماتەمبارییەدا کە دوژمنانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان بەدژی رۆژنامەی شارلی هێبدۆ، وڵاتی فەڕانسە، لانکی ئازادی و بایەخە دێمۆکراتیکەکانیان کردە ئامانج، بەناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و بەناوی خۆمەوە، سەرخۆشی لە ئێوە و لە رێگەی ئێوەشەوە سەرخۆشی بە سەرجەم خەڵکی فەرانسە دەڵێم کە هەردەم دۆست و پشتیوانی گەلی کورد بوون کە خۆی قوربانیی تیرۆریزم لە ناوچەکە و بەتایبەت لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا بووە.

ئێمە بە توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە مەحکووم دەکەین و رێز لە یاد و ناوی ئەو گیان بەختکردوانە، وەک داکۆکیکارانی راستەقینەی ئازادی و بایەخە دێمۆکراتیکەکان دەگرین.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و حورمەت

مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کوردستان، ٨ی ژانویەی ٢٠١٥ی زایینی