کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی دوو هەزار کەس لە زیندانەکانی سووریە لە ساڵی ٢٠١٤

20:59 - 20 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لانیکەم دوو هەزار و یەک سەد زیندانیی سووری لە زیندانەکانی رێژیمی بەشار ئەسەددا بەهۆی ئەشکەنجە کوژراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی چاودێری لەسەر مافی مرۆڤی سووریە لە راپۆرتێکدا ئاماری کوژراوانی زیندانەکانی رێژیمی بەشار ئەسەدی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا راگەیاند.

بەپێی ئەو راپۆرتە رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریە لە ماوەی ساڵی رابردووی زایینیدا لانیکەم ٢ هەزار و ١٠٠ کەس لە زیندانەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد بە هۆی ئەشکەنجە گیانیان لە دەست داوە.

دەوترێت کە ئاماری کوژراوانی زیندانیان لە زیندانەکانی سووریە زیاتر لەو ئامارانەیە کە بڵاو کراوەتەوە و ئەو راپۆرتە بەپێی لێدوانی ئەو بنەماڵانە بڵاو بووەتەوە کە تەرمی منداڵەکانیان رادەستی بنەماڵەکانیان کردووەتەوە.

پشکێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەشکەنجەی زیندانیان لە سووریەدا رایگەیاندووە کە بەڵگەی زۆر لەبەر دەست دایە کە دەرخەری ئەوەیە دەزگا ئەمنییەتییەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد دژبەران بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دەکەن.

هەروەها لە ماوەی ساڵی رابردووی زایینیدا گرووپێک لە پشکێنەرانی بەرپرسی جەنایاتی جەنگی لە سووریە جەختیان کردەوە کە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لانیکەم ١١ هەزار کەس بە هۆی ئەشکەنجە و برسیەتی لە زیندانەکانی سووریەدا کوژراون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە زیاتر لە ٢٢٠ هەزار سووری کوژراون و نزیک بە ١٠ میلیۆن هاووڵاتیی سووری لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند ساڵ شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی سووریە بێ ماڵ و حاڵ کەوتوون.
بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان هەنووکە ١٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری پێویستیان بە یارمەتی مرۆڤدۆستانە هەیە.