کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٢ی رێبەندان

16:24 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: ئەندامان و تێکۆشەرانی رێبازی دێموکرات بە بۆنەی ٢ی رێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و رێبوارانی راستەقینەی دێموکرات بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری میللی ــ دێموکراتیکی کوردستان بە دەستی پێشەوای نەمر قازی محەممەد بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، لە شار و گوندەکانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو رۆژە، یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان وەکوو رۆژێکی مێژوویی بەرز راگرت.

مەهاباد

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری قازییەکان بە بڵاو کردنەوەی سی دی و تراکتی تایبەت، یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز نرخاند.

ئەو شوێنانەی چالاکیی تەبلیغی تێدا بەڕێوەچووە بریتین لە: گومرۆکی سەروو و خواروو، فەرهەنگیان، مەحموودکان، بەهارستان، تەپەی قازی، دۆڵی کەروێشکه، شەهرەک، فەجری سەرێ، زەوییەکانی شار داری، کۆڵانەکانی پشتی بازارچەی ئەسغەری، مەجبوورئاوا، خوولۆرئاوا، سارم بەگ، گەڕەکی ئەرمەنیان، کۆڵانی ماملێ، مەیدانی حەیوانات، بەری شیلانان، بەری مەدرەسه، پشتی بانکی میللەت، مۆکریان.

مەریوان

خەباتگێڕانی دێموکرات لە شاری مەریوان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزرانی کۆماری بە شکۆی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر، نووسینی دروشمی پەیوەندیدار بەو رۆژە مێژووییە، ئەو رۆژەیان بەرز نرخاند؛ قوتابخانەی بەیهەقی، کەوسەر، باغی پاڕک، بازاڕی دینار فرۆشان ئەو شوێنانەن کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووە هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە رێگای بریتین لە SMS پیرۆزبایی ئەو رۆژەیان لە هاووڵاتیان کردووە و لەسەر جاددەی سنووریی باشماق مەریوان لە سێ رێیانی سەیف ئاڵای کوردستانیان هەڵ کردووە.

رەبەت

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری رەبەت بە بۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان یەکەم دەوڵەتی مۆدێڕن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چالاکی تەبلیغیان بەڕێوە برد.

دەوروبەری جەنگەڵبانی و مزگەوتی ئیمام شافیعی، دەوروبەری دەبیرستان و ناو دەبیرستانی ابن سینا، کەمەربەندی، فەڵەکەی رۆژهەڵات، فەڵەکەی گۆزە، شەقامەکانی کانی گوێز و لیلانێ، مزگەوتی محەممەد رەسووڵڵا، دەورووبەری پاڕکی بەهاران و مزگەوتی قیبلە، دەورووبەری پۆمپی بەنزین، فەلەکەی مامۆستا هەژار، شەقامی موعەلیم، شەقامی سەرچاوێ و مزگەوتی سەرچاوێ، سێ رێیانی سیسێر و نستان و گوندی هەنداوێ چالاکی تێدا بەڕێوەچووە.

دوابەدوای چالاکی رۆڵەکانی دێموکرات لە شاری رەبەت، ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە بە تەواوی ملیتاریزە کراوە و هاتوچۆی هاووڵاتیان خراوەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە.

شنۆ

رێبوارانی رێگای شەهیدان و رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ بە بۆنەی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە پارکی قەڵاتۆک، شەهرەکی فەرهەنگیان، سەلیم ئاباد و گەڕەکی کۆچە باغ تراکت و پوستێری تایبەت بەو رۆژەیان بڵاو کردەوە و یادی کۆماری کوردستانیان بەرز راگرت.