کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی یارسانی بەهۆی نەتاشینی سمێڵ بۆ ژووری تاکەکەسی راگوێزرا و مانی لە خواردن گرت

19:36 - 28 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: زیندانییەکی پێڕەوی ئایینی یارسان لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان بە هۆی نەتاشینی سمێڵ ماوە ١٠ رۆژە بۆ ژووری تاکە کەسی راگوێزراوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئێران لە درێژەی بێ‌ڕێزی کردن بە بیروباوەڕی دینی و مەزهەبی هاووڵاتیانی ئێرانی بە تایبەت پێڕەوی ئایینی یارسان، داوای لە زیندانییەکی یارسانی زیندانی ناوەندیی زاهیدان کردووە کە سمێڵی خۆی بتاشێت.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەمیر رەجەبی، زیندانیی پێرەوی ئایینی یارسان، خەڵکی کرماشان بە هۆی خوبواردن لە تاشینی سمێڵ ماوەی ١٠ رۆژە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و هەروەها مانی لە خواردن گرتووە.

سمێڵ لە نێوان پێڕەوانی ئایینی یارسان، پیرۆزە و زۆر گرینگە و بەشێک لە ئوسوولی ئایینی ئەوان ئەژمار دەکرێت.

هاووڵاتیانی کوردی پیڕەوی ئایینی یارسان بەردەوام لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بە شێوەی سیستماتیک و بەرنامەدارێژراو بە هۆی کورد بوون و یارسانی بوون کەوتونەتە بەر هەڵاواردنەوە.

پاش دەستپێکی شەپۆلێکی نوێی گوشار بۆ سەر هاووڵاتیانی کوردی پێڕەوی ئایینی یارسان و خۆسووتاندنی دوو هاووڵاتیی کورد لە مانگی جۆزەردانی ساڵی رابردوودا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نیسبەت سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەیانییەیەکی بڵاو کردبووەوە و چەوساندنەوەی هاووڵاتیانی کوردی پێڕەوی ئایینی یاری مەحکووم کردبوو.

لە بەشێکی ئەم بەیانییەدا هاتبوو: رێژیمی ئیدئۆلۆژیک و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا بیر و ئیدئۆلۆژی خۆی بە تەنیا رێگای بیرکردنەوە و باوەڕ دەزانێ و بە شێوەی فەرمی و نافەرمی سووکایەتی بە هەموو بیر و بۆچوونێکی دیکە دەکا، نە تەنیا توانای قبووڵ کردنی بیر و هزری غەیرە دینی یان سیکۆلاری نییە، بەڵکوو پێڕەوانی دینەکانی دیکەش بە سووک چاو لێ دەکا و تەنانەت لەنێو باوەڕمەندان بە ئیسلامیشدا جیاوازی دادەنێ و پێڕەوانی مەزهەبیی سوننە و پێڕەوانی رەوتە جیاوازەکانی شیعە وەکوو زەیدی و دەروێشەکانی گونابادی و ....، بە دوژمنی خۆی دەزانێ و لەژێر گوشار و چەوساندنەوەدا هەموو ماف و ئازادییەکەیان پێشێل دەکا.