کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران لە کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیست

13:00 - 1 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب سەردانی کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا رۆژی سێ شەممە رێکەوتی٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستیان کرد و لەلایەن شاندێکی کۆمەڵە، بە سەرپەرستی سەید ئیبڕاهیم عەلیزادە دەبیری ئەوەڵی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا لەسەر کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە ئێران و کوردستانی ئێران و بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەریەک لە پارچەکانی کوردستان بە تایبەتی و ئەو هەنگاوانەی کە دەکرێت لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت بۆ هاوفکری و هاوکاری لایەنەکان باسی لێکرا و هەر دوو ڵایەن روانگە و بۆچوونەکانی خۆیان لەو بارەیەوە خستە بەر باس.

مستەفا هیجری لە بەشێك لە قسەكانیدا لە سەر ئێران پێی وابوو ئەو قەیرانانەی ئێران درێژەی قەیرانەكانی ٣٦ ساڵەی حوكمڕانی رێژیمی ئیسلامییە كە بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی خۆی تووشی بووە و جیاوازییەكەی لەوە دایە کە ئێستا لەلایەن رۆژئاواییەكان گەمارۆی ئابووری بە سەردا سەپاوە و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت گوشاری زیاتریان خستووەتە سەری و قەیرانەكانی زیاتر بووە.

هیجری لە درێژەدا رایگەیاند کە بە هۆی ئەو گوشارانە كە لە سەر ئێرانە ، ئەو رێژیمە ئێستا پاشەکشەی كردووە و ئیمتیازی زۆری بە رۆژئاوایەكان داوە.

سکرتێری حیزبی دێموکرات سەبارەت بە پاشەکشەی ئێران وتی: ئێمە چاوەڕوانی دەكەین لە داهاتوودا ئێران تەسلیم دەبێت و ئێمتیازی زیاتر بە رۆژئاواییەكان دەدات هەتا گوشارەكانی لە سەر كەمتر بێتەوە و بتوانێت گرووپە تێرۆریستیەكانی وەك حیزبووڵڵا كە تێچوویەکی زۆری ئابوورییان بۆ ئێران هەیە ‌و هەروەها شەڕی سووریە ئیدارە بکات.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد: لە بەرانبەردا رۆژئاوا ئیمتیازیكی ئەوتۆی بە ئێران نەداوە و تەنیا لەو پارە بلوك كراوەی خۆی كە ١٠٠ میلیارد دولارە مانگانە بری ٥٠٠ میلیۆن دولاری پێی دەداتەوە هەر چەند ئێستاش بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە كێشەی بانكی هەیە.

مستەفا هیجری لە بارەی دۆخی ناوخۆی ئێرانیش پێی وابوو رێژیمی ئیسلامی ئێستا لە هەموو كات زیاتر لە خەڵك و ناڕەزایەتییە مەدەنییەكان دەترسێت و هەر بۆیە پێش بە هەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەگرێت و سەركوتی دەكات، بەڵام زۆر ناكێشیت كە خەڵك لەو هەموو زوڵم و زۆرەی رێژیمی ئیسلامی رادەپەڕن.

دوو شاندی ئەو دیدارە لە سەر پرسی ناوخۆی ئێران هاوڕا بوون كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەر لە ئێستاوە هێندێك كەس ‌و لایەن بازاڕگەرمی بۆ دەكەن و دەیانهەوێت بەڵێنە پشتگوێ خراوەكانی کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامی لە بیر خەڵك ببەنەوە.

لە بەشێكی دیكەی باسە پەیوەندیدارەكانی بە پارچەكانی دیكەی كوردستان و چۆنیەتی هەڵویستی لایەنەكان لە مەڕ خەباتی نەتەوایەتی لەو بەشانەدا‌ و ئەو مەترسییانەی لەسەر ناوچەكە هەن هەر دوولا هاوڕا بوون كە هەڵویستی هاوبەش و راشكاوانەتریان هەبێت.