کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و نوێنەری سوسیال دێموکراتەکانی سوید

16:06 - 2 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و نوێنەری سوسیال دێموکراتەکانی سوید چاوپێکەوتنی پێکهێنا.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی یەکی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەمەبەستی تاوتوێ کردنی بیروبۆچوون و هەلومەرجی کوردستان شاندی پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسایەتیی حەمید تەیموری چوونە پارلەمانی سوید و لەگەڵ نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوییەکانی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە خاتوو ئاندرینە وینتر Andrine whinter دیدار و چاوپێکەتنیان کرد.

لە سەرەتای ئەم چاوپێکەوتنەدا، باسێکی کورتی هەلومەرجی سوسیال دێموکراتەکان لە وڵاتی سوید و بەدەسەڵات گەیشتنی حیزبی ناوبراو و کەندوکۆسپەکانی بەردەم ئەم حیزبە کرا.

پاشان لەسەر داعش و ئەو کەسانەی کە لە سوید چوونەتە ریزی داعش و هەندێکیان گەڕاونەتەوە بۆ سوید و چۆن دەوڵەت لەگەڵ ئەم تێروریستانە هەڵسوکەوت دەکات، باس و شرۆڤەکاری کرا.

دواتر باسی شەڕی داعش لەگەڵ پێشمەرگە لە باشوری کوردستان و شاری کۆبانی و زیان گەیاندن بە خەڵکەکەی و وێران کردنی ماڵ و حاڵی ئەو خەڵکەو ڕۆخان و لە نێوبردنی شارو گوندەکانی کوردستان و بێ سەروشوێن کردنی ٥٠٠٠ ژن و کچی ئیزیدیەکان لە شەنگال و دەوروبەری وەک یەکێک گەورەترین کارەساتە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کرا.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو چاوپێکەوتنە جەختی لەسەر ئەوە کرد: ئێران بەشێکە لەو ئاژاوە نانەوە لە رۆژهەڵاتی ناڤین و بە هەر شێوەیەک بۆی بکرێ دەست لە کاری تێکدەرانە هەڵناگرێ. هەر بۆیە بە ئاشکرا هێز دەنێرێتە نێو قووڵایی خاکی عێراق هەر لە باشوورەوە تاکوو دەگاتە دەوروبەری بەغدا و سامڕە و جێگیرکردنی ‌میلیشیای بەدر و ڕێکخراوی تیروریستی خۆراسان لەگەڵ کۆمەڵێک هێزی قودس بە سەرپەرەستی سڵێمانی قاسمی لە دەوروبەری کەرکوک و جەلەولاو کفری، ئەم ڕێکخراوانە، ئێران ڕەنگە لە داهاتوودا وەک هێزی تێکدەر لە کوردستان و عێراق کەڵکیان لێی وەرگرێ. هەر بۆیە داهاتوویەکی بڕێک لێڵ و تەم‌ومژاوی لەم ناوچانە بەدیی دەکرێ. کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئێران لە عێراقدا حکومڕانی بکا، یەکەم شەڕی داعش بووەتە هۆی ئەوە کە ئێران هێز بنێڕیتە ئەم ناوچانە و ناو خاکی عێراق، دووهەم هەم حکوومەتی عێراقی شیعەیە و هەمیش ئێران کەواتە هەردووکیان هاوپەیمانن، لە لایەکی تریشەوە ئێران وا پیشان دەدا کە دەوڵەتی بە هیز و دەسەڵاتداری رۆژهەڵاتی ناوینە. لە لایەکی تریشەوە پیشان دەدا کە دۆستی باشور کوردستانە بەڵام لە پشتەوە خەنجەر لە کورد دەدا.

11875.jpg

پاشان، باسی ئەوە کرا کە لە هەلومەرجی کوردستانی ئێران و وەزاڵە هاتنی خەڵکی لە بەر بێکاری و گرانی و فشاری رژیم بۆ سەر خەڵکی کاسبکار و چالاکوانانی مەدەنی، گرتنی ١٧ چالاکوانی مەدەنی لە شارەکانی جوانڕۆ و مهاباد، دابەش کردنی مادە هۆشبەرەکان لە نێو گەنجانی کورد بە کچ و کوڕەوە بۆ ئەوەی ئەم چینە لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا پاسیڤ بکەن. بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە ڕۆژنامەکان بەڵاو کراونەتەوە ساڵانە ٥٠٠ هەزار تۆن مادەی هۆشبەر لە ئێراندا بەکار دێی و ئەمەش هەمووی دامودەزگای دەوڵەتی لە پشتیەوەیە. لە ماوەی چەند مانگێکدا ٢٠٠٠ کەس مردوون بەو هۆکارانەوە کە ٢٠٠ کەسیان ژن و کچن.

کێشەی نەتەوەکانی ئێران وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری و تورکمەن و مەزهەبەکانی وەک مەسیحی، ئەرمەنی، جوولەکە و مەزهەبی یاری کە مەزهەبێکی کۆنی کوردە لە ژێر کونترۆڵی رژیمدایە و رۆژ دوای رۆژ هەلومەرجەکە تەنگتر و خەراپتر دەبێ لە ئێراندا.

مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی شاری ورمێ و شارەکانی تری لە بەر گرفت و هەڵسوکەوتی خەرابی ئیتڵاعاتی و نیزامیەکان، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم چاوپێکەوتنەی پێک هێنابوو.

لەم چاوپێکەنەدا هەروەها باسی پەروەندەی ناوکی رێژیمی ئێران کرا و شاندی نوێنەرایەتیی حیزب لەو پێوەندییەدا رایگەیاند: کێشەی چەکی ناوکیش بۆ خۆی گەورەتری گرفتە کە ئێران دەیەوێ چەکی ناوەکی بەدەست بێنێ، هەرچەند وڵاتانی ڕۆژئاواو ئامریکا لە وتووێژدان لەگەڵ ئێران، بەڵام حدکا بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئێران تەنیا خەریکی کات کوشتن و نایەوێ بە ئاسانی تەسلیمی ئەم وڵاتانە بێ، ئەوەش لەبیر نەکەین کە ئێران ئێستا تووشی قەیرانی دارایی بووەو مەترسی لێی نیشتووەو دەیەوێ بە جۆرێک ئەو کێشەیە و ولاتانی ئورووپایی و ئامریکا بەدوای خۆیدا بکێشێ.

نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەیەکانی حیزبی سووسیال دێموکراتی سوید، ئاندرینە وینتر سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ بیروبۆچوونی شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات هاوڕا بوو، باسی ئەوەی کرد کە ناوچەکە زۆر ئاڵۆز بووەو ئەوانیش تاکوو رادەیەک هەلومەرجەکە تەمومژاوی دەبینن.

وینتر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە یەکەم داعش ناوچەکەی شەڵەقاندووە، دووهەمیش زۆر دەوڵەت لەم کێشەیەدا هاوکارن و ئێرانیش بۆ خۆی یەکێکە لەو دەوڵەتانە کە خەریکی وەدەست هێنانی چەکی ناوەکییە.

پرسی مافی مرۆڤیش بە جۆرێک لەبیر کراوە لەبەر کێشەی ناوکی ئێران. هەر بۆیە ئێران مەترسی ئەوەی هەیە کە لەم هەلومەرجەدا خەڵک لێی راپەڕن و بیڕۆخێنن، ئەوەیە دەست بۆ هەموو شتێک دەبا و چالاکوانانی مەدەنی و ژینگە‌پارێز و ژنان دەگرێ و لە زیندانیان دەخا.

ناوبراو وتی ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئێران پشتی رێژیمی بەشار ئەسەدی گرتووە و یارمەتی حیزبوڵڵا دەدا و بە جۆرێک حماس هان دەدا دژ بە ئیسرائیل و سەرەڕای ئەمانەش پشتی حوسیەکانی گرتووە لە یەمەن و شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە هەموو وڵاتی گرتووەتەوە.

لە کۆتاییدا جەخت لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکان کرا و نوێنەری پیوەندییکانی حیزبی سووسیال دێموکرات هیوای خواست کە چاوپێکەوتنە دوولایەنەکان درێژەی هەبێت و زانیاری لەسەر ناوچەی رۆژەهاڵتی ناوەڕاستی پێی بدرێت.