کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

19:21 - 2 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان ٦٩ـەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە ئامادەبوونی کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها میوانان و یەک لەوان مەسعوود تەک، سکرتێری گشتیی پارتی سووسیالیستی کوردستانی باکوور لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

ئەو رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی ئەو رێوڕەسمەدا کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەر سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی لە بارەی کۆماری کوردستانەوە پێشکەش کرد.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران لەلایەن رۆژین بەهرامی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا گۆرانییەک لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

دواتر، منداڵانی سەرکەوتووی پیشانگای نەقاشیی ناوەندی نێرگز کە بەبۆنەی ٢ی رێبەندانەوە بەڕێوەچووبوو، خەڵات کران.

پاشان، پەخشانێک تایبەت بەم یادە لەلایەن جەماڵ فەتحی لە ژێر ناوی تاڤگەی رێبەندان پێشکەش کرا.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.