کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ ئابوورییەکان/ هێند هاوردە نەوتییەکانی لە ئێران کەم دەکاتەوە

13:40 - 5 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دەوڵەتی هێند بە پاڵاوتگا نەوتییەکانی خۆی فەرمانی داوە کە هاوردە نەوتییەکانان لە ئێران کەم بکەنەوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتی هێند بە مەبەستی هاوردە نەوتییەکان لە ئێران، بە پاڵاوتگا نەوتییەکانی خۆی فەرمانی داوە کە رێژەی کڕینی نەوت لە ئێران کەم بکەنەوە.

فەرمان بە کەم کردنەوەی هاوردەی نەوتی لە ئێران لەلایەن دەوڵەتی هێندەوە لە حاڵیکدایە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، باراک ئووباما، سەرکۆماری ئامریکا بۆ هێند سەفەر بکات.

دەوڵەتی هێند دووهەمین دەوڵەتی کڕیاری نەوتی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەپێی ئەوەیکە گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکان دژی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا هیچ کەم نەبووەتەوە، تەنانەت باس لە قورسترکردن و زیاترکردنی گەمارۆکان دەکرێت، دەوڵەتی ئامریکا داوای لە کڕیارانی نەوتی رێژیمی ئێران کردووە کە رێژەی کڕینی نەوت لە ئێران نیسبەت بە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی کەم بکەنەوە.

داواکاری ئامریکا لە کڕیارانی نەوتی رێژیمی ئێران بۆ زۆر نەکردنی رێژەی کڕینی نەوتی ئێران نیسبەت بە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، لە حاڵیکدایە کە داهاتووی نەوتی رێژیمی ئێڕان لە ١١٤ میلیارد دولار لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی بۆ ٦٧ میلیارد دولار لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی دابەزیوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گەمارۆ ئابوورییە نەوتییەکانی دژی رێژیمی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، هەناردەی نەوتی خاوی لە سەدا ٥٠ دابەزاندووە و داهاتی نەوتی رێژیمی ئێران دەیان میلیارد دولار دابەزاندووە.

ماوەیەک لەمەوبەر، موحسێن رەزایی، دەبیری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام (مجمع تشخیص مصلحت نظام) دابەزینی نرخی نەوتی ئێرانی پیلانی ئامریکا و عەرەبستان بە دژی رێژیمی ئێران وەسف کرد.

دەبیری کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، لەم بارەیەوە رایگەیاندبوو کە ئێستا ئێران جگە لە گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکان کە سەرەکیترین هۆکاری دابەزینی هەناردە و هاوردەیە، لەگەڵ گەمارۆی دابەزینی نرخی نەوت لەلایەن ئامریکاوە بە هاوکاری عەرەبستان بەرەوڕوو بووەتەوە.

بە داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە دژی رێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە ئابووریی ئەو ولاتە گەیشتووە کە دەتوانین ئاماژە بە داخرانی بنکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان، بلوکە کرانی دارایی ئێران لە بانکە دەرەکییەکان، وەرنەگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و رەوتی هەڵکشانی لە رادەبەدەری بێکاری و هەژاری بکەین.

رایەدارانی رێژیمی ئێران وەک خامنەیی و رۆحانی بەردەوام بە پێداگری لەسەر پاشەکشە نەکردنی ئەو رێژیمە لەسەر بەربامەی ناوکی، گەمارۆکانیان بە کۆمەڵێک لاپەڕەی دڕاو لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە کە گەمارۆ ئابوورییەکان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بارودۆخی ئابووریی ئێران دانەناوە.

گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی بە دژی رێژیمی ئێران لە ٦ ساڵ لەمەوبەرەوە لە بوارەکانی ئابووری، زانستی، سیاسی و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە داسەپاوە.

مارک کرێک، سێناتۆری کۆماریخوازی کونگرەی ئامریکا کە لەگەڵ رابێرت مێنێندێز، سێناتۆری دێموکراتی کۆنگرە، گەڵاڵەی خولی یەکەمی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئیران کە لە ٥ ساڵ پێش ئێستا، بە کۆنگرەی ئامریکا رادەستییان کرد، ئێستا گەڵاڵەی نوێ بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران بۆ رادەستکردن بە کۆنگرەی ئامریکا، ئامادە کردووە کە هەڕەشەی باراک ئووباما بە ڤیتۆ کردنی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی بە شوێنەوە بووە.
مارک کرێک پێشتریش پشتیوانی خۆی لە گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئیران رایگەیاند کە لە پێناو روون نەکردنەوەی بەرنامەی ناوکی، گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران دەبێت تا ئەو رادەیە قورس بکرێت کە نان لە دەمی خەڵكی ئێران بگرێتەوە.

ئاویەر .ت