کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ وەرگرتنی پارە لە قوتابیان لە بەرامبەر وێدانەوەی کارنامەی تاقیکردنەوەکانیان

14:16 - 5 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: نەبوونی بودجەی پێویست بۆ قوتابخانەکانی کوردستان، تێچوویەکانی بەڕێوەبەریی قوتابخانەکان و پێداویستییەکانی خستووەتە سەر شانی بنەماڵەی قوتابیان.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی رابردوودا و درێژەی شەپۆلی وەرگرتنی پارەی نەختیی زۆرەملی و نایاسایی لە قوتابیان، بەرپرسانی قوتابخانەی ٢٢ بهمنی پیرانشار بە قوتابیانیان راگەیاندووە کە بۆ وەرگرتنەوەی کارنامەی تێرمی یەکەم تاقیکردنەوەکانیان دەبێ پارە بدەن.

بەپێی ئەو راپۆرتە، وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە قوتابیان لە قوتابخانەکانی کوردستان بووەتە هۆی زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر بنەماڵەی قوتابیان و ئەوەش ناڕەزایەتی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە.

سەرپەرستی یەکێک لە قوتابیانی قوتابخانەی ٢٢ بهمن لە پەیوەندی لەگەڵ وەرگرتنی پارەی زۆرەملی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: بەرپرسانی قوتابخانە لە حاڵێکدا بۆ وەرگرتنەوەی کارنامەی منداڵەکانیان داوای پارە نەختیان کردووە کە پێشتریش داوای بڕە پارەیەکی زۆرملیان لە بنەماڵەی قوتابیان وەرگرتبوو.

راپۆرتی گەییشتوو باس لەوە دەکات کە بە هۆی گوشاری ئابووری، کەمیی داهات و هەژاری، زۆربەی بنەماڵەی قوتابیان توانای دانی ئەو پارەیان بە قوتابخانەکان نییە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ژماریەکی بەرچاو لە قوتابیانی قوتابخانەی گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ مەترسی بێبەش بوون لە خوێندن و بەرەوڕوو ببنەوە.

بەپێی بەندی یەک ماددەی ٢٦ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردە و بارهێنانی خۆڕایی و گشتی، هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا مافیان هەیە لە پەروەردە و بارهێنانی خۆڕایی بەهرەمەند بن و ئیدارەی پەروەدە و بارهێنان دەبی لانیکەمی پەروەردەی سەرەتایی خۆڕایی بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

ئاویەر .ت