کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرانشار/ کۆبۆنەوەی بەسیج بۆ فەرهەنگیان و ناڕەزایەتیی فەرهەنگییان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە

14:23 - 5 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی بەسیج لە ئیدارەی پەروەدە و بارهێنان لە پیرانشار کۆبوونەوەیەکیان بۆ فەرهەنگیانی بە ناو بەسیجی ئەو شارە پێکهێناوە و تێیدا باسیان لە کارە باشەکانی خومەینی و عادڵانەبوونی حوکمەکانی خەڵخاڵی کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی فەرهەنگییانی بەدواوە بووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرپرسانی بەسیج لە ئیدارەی پەروەدە وفێرکاری لە پیرانشار کۆبوونەوەیەکیان بۆ فەرهەنگیانی بە ناو بەسیجی ئەو شارە پێکهێناوە و باسیان لە کارە باشەکانی خومەینی کردووە.

لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەسیج بۆ فەرهەنگیانی ئەو شارە هەروەها باس لەوە کراوە کە جەنایەتەکانی خەڵخاڵی لە کوردستان عادڵانە بووە، ئەو قسانەی بەرپرسانی بەسیج ناڕەزایەتی و ناڕاحەتی فەرهەنگیانی لێکەوتووەتەوە و فەرهەنگیان وتوویانە کە خەڵخاڵی لە کوردستان جگە لە جەنایەت هیچ کارێکی بۆ گەلی کورد نەکردووە.

هەرلەم پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش ئێستا تاقمێکی بەسیجیی سەربە ناوەندی بەسیجی فەرهەنگیان سەردانی قوتابخانەی موتەهەریی پیرانشاریان کردووە و داوای ئەندامەتییان لە مامۆستایان کردووە.

هەروەها لە درێژەی گوشاری ناوەندکانی بەسیج و ئیتلاعاتی رێژیم بۆ سەر مامۆستایانی قوتابخانەکان ماوەیەک لەمەوبەر ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری پیرانشار لە نامەیەکی نهێنیدا بە سەرجەم قوتابخانە‌کانی ئەو شارەی راگەیاندووە کە ئەگەر مامۆستایانی ئەو شارە لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایانی ئێراندا بەشداری بکەن، دەستبەسەر دەبن و دواتریش لەسەر کارەکانیان دەر دەکرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری پیرانشار بە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی راگەیاندووە کە مامۆستایانی قوتابخانەکان ئاگادار بکەنەوە کە لێداون بە کاناڵ و رادیۆ بیانییەکانی کوردی و فارسی نەدەن.

لەو پەیوەندییەدا رێکخراوی بەسیجی سەر بە سپای پاسداران لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە، پەروەندەی قوتابیان وەردەگرن و بێ ئاگاداریی قوتابیان و سەرپەرەستەکانیان فۆرمی بەسیجیان بۆ پڕ دەکەنەوە و دەیانکەنە ئەندام و ئەو کردەوە دزێوەی رێژیمی ئێران بووەتە هۆی کێشەی نێوان بەرپرسانی قوتابخانەکان و بەرپرسانی بەسیجی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆکان.

بەرپرسانی بەسیج لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بۆکان رایانگەیاندووە ئەگەر تەواوی قوتابیانی قوتابخانەکانی بۆکان و گوندەکان نەبنە ئەندامی بەسیج، جێگری پەروەردە و بەرپرسی گشتیی لەسەر کارەکانیان وەلا دەنرێن.

گادەر. د