کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتیانی کورد، قوربانیانی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران

19:10 - 5 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هیزەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، هاووڵاتییەکی کورد کوژراو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا گوشاری هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان بۆ سەر کۆڵبەران نە تەنیا توندتر بووەتەوە بەڵکوو زیاتر بووە و لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا ٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران کوژرا و بریندار بوون.

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی دزئاوەر سەر بە بەخشی نەوسوودی پاوە کە شوناسی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە، شادمان سەحرایی کوڕی ئەحمەد، خێزاندار راگەیەندراوە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران دراوەتە بەر دەسڕێژی تەقەی راستەوخۆی ئەو هیزانە.

11904.jpg

بەپێی ئەو راپۆرتە، ماشێنی شادمان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە خاڵی سفری سنووریی دزئاوەر بریندار کراوە و بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان گوازراوەتەوە.

هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پاسگای سنووریی دزئاوەر، تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کاڵای قاچاق تەقەیان لە ماشێنی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، دوانیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، عەلی محەممەدئارا، کۆڵبەری کورد، تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی مەهاباد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە هەنگی سنووریی پیرانشار کوژراوە.

هەروەها راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە کۆڵبەرێکی دیکە لە هەمان بۆسەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی بە نێوی عەبدووڵڵا محەممەدئارا بریندار بووە.

کۆڵبەر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە کەسێک دەوترێت کە بۆ داهات و بژیوی ژیان لە خاڵە سنوورییەکان بە هەڵگرتنی بار بە کۆڵ، کەلوپەلی وەک تەلەفیزیۆن، چا، سیگار و ...هتد جێبەجێ دەکات.

کۆڵبەران لە بەرامبەر ئەو کارە تاقەت پڕووکێنەدا حەقدەستێکی زۆر کەم وەردەگرن و زۆر جار لە کاتی کۆڵبەریدا بریندار دەبن و یان گیانیان لە دەست دەدەن.
بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانە لە کۆڵبەران، راوەدوونانی هێزەکانی رێژیم، مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕ و هەروەها سەرما و رنوو لەو هۆکارانەن کە ساڵانە گیانی کۆڵبەران دەخەنە مەترسییەوە.

بە پشت‌بەستن بە یاساکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، تاوانی کۆڵبەرانی کورد گواستنەوەی کاڵاکان بێ دانی پارەی گومرک و بەزاندنی سنوورەکانـە.

یاساکانی رێژیمی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ بەزاندنی سنوور لە حاڵێکدان کە بە هۆی پەیوەندی بنەماڵەیی هاووڵاتیانی کورد لە ئەم دیو و ئەودیوی سنوورەکان بەزاندنی سنوورەکان کارێکی زۆر ئاسایی هەژمار دەکرێت.

هەروەها تاوانی قاچاق و گواستنەوەی کاڵاکان بێ دانی پارەی گومرکـیش بە هۆی ئەوەیکە بایەخی ئەو کاڵایە کە کۆڵبەرەکە هەڵی گرتووە بۆ سزادان کەمتر لەوەیە کە سزا بدرێت و ناتوانێت پاساوێکی قبووڵ بێت بۆ تەقەی هێزەکانی رێژیم لە کۆڵبەران.

هەروەها بەپێی تێبینیی ٣ ـ بەندی ٣ی ماددەی سێهەمی یاسای بەکاربردنی چەک لەلایەن‌هێزەکانی رێژیمی ئێراننەوە، هێزە نیزامییەکان لە کاتێکدا دەتوانن لە چەک کەڵک ورەگرن کە سەرەتا، هیچ چارەیەکیان نەبێت جگە لە بەکارهێنانی چەک، دووهەم، لە بەکارهێنانی چەک تیرهاوێژی هەوایی، تیرهاوێژی لە نیوقەد بۆ خوارەوە و تیرهاوێژی لە نیوقەد بۆ سەروو لەبەرچاو بگرن.

11905.jpg

کردەوەی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، یاسا پەسندکراوەکانی خودی رێژیمی ئیسلامی بە شێوەیەکی روون پێشێل دەکەن.

تیرهاوێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە کۆڵبەران و هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە سنووریەکان و رێگا و جاددەکانی کوردستان بەردەوام رەخنە و ناڕەزایەتیی چالاکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

کوشتنی سیستماتیکی هاووڵاتیان و کۆڵبەرانی کورد لە کوردستان لە راپۆرتی مافی مرۆڤیی ئەحمەد شەهید، رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە.

ئەحمەد شەهید لە راپۆرتی خۆیدا بە توندی لە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان و هاووڵاتیانی کورد رەخنەی گرتووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٩٤ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون.

لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٥٦ کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوونە، لەو رێژەیە ٢٠ کەسیان کوژراو و ٣٦ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

هەروەها لەو ماوەیەدا، ٤٠ هاووڵاتیی کورد لە جاددە رێگاکانی کوردستان کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کە ١٥ هاووڵاتیی کورد کوژراون و ٢٥ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

ئاویەر. ت