کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی بەرزبوونەوەی نرخی نان لە ئێراندا

20:16 - 5 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: دوابەدوای بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی گەڵاڵەی ناسراو بە ئازادسازیی نرخی نان، بەهای نان لە ئێران دوو بارە بەرز بووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لەبەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، خولی دووهەمی گەڵاڵەی ئازاد سازیی نرخی نان لە ئێران دەستی پێکرد.

دەوترێت، بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی گەڵاڵەی ئازادسازیی نرخی نان لە نانواییەکانی تافتوون، لەواش و بەڕبەڕی لە حاڵێکدایە کە لەلایەن بەرپرسانەوە بە هاووڵاتییان رانەگەیندراوە کە خولی دووهەمی ئەو گەڵاڵەیە دەست پێدەکات.

11909.jpg

رێژەی بەرزبوونەوەی نرخی نان لە خولی دووهەمی گەڵاڵەی ئازادسازیی نرخی نان هەتا ئێستا دیاری نەکراوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نان دوابەدوای بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی گەڵالەی ئازادسازی نرخی نان لە ماوەی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لەحاڵێکدایە کە پێشتریش لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، نرخی نان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیبوو.

لە خولی یەکەمی گەڵاڵەی ئازادسازیی نرخی نان، جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی ئارد هاوکاتیش سەهمیەی ئاردی نانواکانیش زیاتر لە سەدا ٢٠ دابەزی و ئەمەش بووە هۆی ئەوەیکە نرخی نان لە هەندێک لە شارستانەکان دوو قات بەرز ببێتەوە.

هەندێک لە میدیا نێوخۆیەکان پاش بەڕێوەچوونی خولی یەکەمی گەڵاڵەی ئازادسازیی نرخی نان رایانگەیاندبوو کە نرخی نان لە بڕێ شاردا لە سەدا ١٠٠ و تەنانەت لە سەدا ٢٠٠یش بەرز بووەتەوە.

11910.jpg

بەرزبوونەوەی نرخی ئارد، کەم کردنەوەی سەهمیەی ئارد نانواییەکان و بەرزبوونەوەی تێچوویەکانی بژیوی ژیان و دابەزینی نرخی ریاڵ نیسبەت بە پارە بیانییەکان لەحاڵێکدایە کە حەقدەستی کرێکارانی نانواییەکان لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا زیاد نەکراوە.
زیاد نەکردنی حەقدەستی کرێکارانی نانواییەکان ناڕەزایەتیی کرێکارانی لێکەوتووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا، کرێکارانی نانواییەکان سنە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خاوەنکارانی نانواییەکانی سنە ناڕەزایەتیی خۆیان نیسبەت بە حەقدەستی کەمی کرێکاران دەربڕیبوو بەڵام لەلایەن خاوەنکارانەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.
ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی و پاش سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران، ئەرزشی نرخی ریاڵ لە سەدا ٧٣ دابەزیوە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بە لەبەر چاوگرتنی هەڵکشانی نرخەکان لە ئێراندا حەقدەستی کرێکاران زیادی نەکردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە کە لەلایەن هەواڵدەریی کاری ئێران بڵاو کراوەتەوە، بە لەبەر چاوگرتنی حەقدەستی کرێکاران و تێچووی ژیانی شار، نیونجی تێچووی ژیانی هەر بنەماڵەیەکی شاری ساڵانە زیاتر لە ٢٣ میلیۆن بەراورد کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، داهاتی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی کە بە حەقدەستی کرێکاری دەژین، بە لەبەر چاوگرتنی مافی مەسکەن، مافی بۆنی کرێکاری، مافی سەنەواتی خزمەت و تەنانەت مافی جیژنانە و یارانەی نەختی، ١٣ میلیۆن و ٦٣٧ هەزار و ١١٠ ریاڵ بەراورد کراوە.

ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە حەقدەستی کرێکاران تەنیا نیوەی تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکە کە لە شار دەژین.

ئاویەر.ت