کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێمۆکراسی لە مانا گشتییەکەیدا

13:33 - 6 رێبەندان 2714

کاتێک باس لە چەمکی دیمۆکراسی دەکرێ، لە روانگەی خەڵکەکانەوە پێناسەو تێڕوانینی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت، هەروەها ئەگەری ئەوەش دەکرێ هەتا بە هەڵە لە ماناو بابەتی دێمۆکراسی تێ بگەین ئەگەر بە شێوەیەکی وردو و دروست پێناسەیەکمان بۆ چەمکی دێمۆکراسی نەبێت.

11925.jpg
نەوشیروان خیشتەندار

دێمۆکراسی چیە؟

فەزایەکی سیاسی کە لەوێدا تاکەکان، راگەیەنەکان، رێکخراو و حیزبە سیاسیەکان بە ئازادی و سەربەستی بە مەرجی پاراستنی کەرامەت و کەسایەتی لایەنەکانی دیکە تێدەکۆشن و بە هەموویانەوە بەشدار و مافدارن لە دروست کردن و سەقامگیرکردنی دەسەڵات و یاسایەکی دێموکراتیک لە وڵاتەکەیان.

لەو دەسەڵاتەدا راو بۆچونی جیاواز، باوەڕوو ئیدئۆلۆژی جۆرواجۆر بوونی هەیە، هەر بۆیە دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەیەکی هاوبەش بە بەشداری دەنگی بەرانبەر بەڕیوە دەچێت، بە چەشنێک هیچ کەمینەیەک لە لایەنی زۆرینەوە پەراوێز ناخرێت و لە مافە رەواکانی بێبەش نابێت.

دێمۆکراسی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا بە شێوەگەلی جۆراوجۆر پێناسە و لەو وڵاتانەدا کە باوەڕمەندن بە دێمۆکراسی بە پێی پێکهاتەی وڵاتەکەیان و بەرژەوەندی وڵات و دەسەڵات جۆرێک دێمۆکراسی بەڕێوە دەبرێت.

بەڵام بە گشتی دێمۆکراسی لە سێ کەرتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەکرێ لە وڵاتدا بەڕیوە بچێت. بۆ وێنە لە سۆڤیەتی پێشوو لە بواری ئابووریدا هەتا رادەیەک عەداڵەت بەڕیوە دەچوو، یان ئێستا کە لە وڵاتانی سەرمایەداری وەک ئەمریکادا دێمۆکراسیی سیاسی هەیە، بەڵام لە بواری ئابووریدا سنوورێکی ئەوتۆی نییە، هەروەها بۆ کەرتی کۆمەڵایەتی دەکرێ ئەو وڵاتانە وەک نموونە بێنینەوە کە لەوێدا تاکەکان ئازاد و سەربەستن لە چۆنیەتی هەڵسووکەوت لە کۆمەڵگەدا، ئەمانە کە لیبراڵ و نوێ لیبراڵ پێناسە دەکرێن سیستمی سیاسی رەد دەکەنەوە و باوەڕیان بە ئازادی تاکە کەس هەیە.

بەڵام وەک ماموستای مەزن دوکتۆر قاسملوو دەفەرموێ گەر لە وڵاتێک دا بمانهەوێت دێمۆکراسییەکی راستەقێنەو هەمە پەسەندمان هەبێت کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەوێدا سوودمەندوو بەشداربن، پێویستە تا لە هەر سێ کەرتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دێمۆکراسی پێناسە و بەڕێوە بچێت. وەک ئێستا کە لە وڵاتەکانی فەرانسە، ئاڵمان، ..... هتد لەو جۆرە دێمۆکراسیە کەڵک وەر دەگرێن.

مێژووی دێمۆکراسی وەکوو سیستمێکی دەسەڵاتداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٥ سەدە لەمەوپێش، لە سەردەمانی گەورە پیاوانێک وەکوو پریلکس، سوقرات، ئەفلاتوون و ئەرەستوو.لە دەورانی دەسەڵاتداری یونانیەکان دەستی پێ کردوە و لە شاری ئیسنادا پێڕەوی کراوە.

وشەکەشی بە مانا تایبەتییەکەی بە واتای دەسەڵات لە خەڵکەوە بۆ خەڵکە، کە ئەوەش بە بەشداری هەموو پێکهاتەو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ دیاریکردنی یاسای وڵات و سیستەمی بەڕێوەبەری مسۆگەر دەبێت.

لەو سەردەمەدا سیستمی سیاسی تایبەت بە چینێکی جیاواز بووە. کە ئەمڕۆ بە دێمۆکراسیی کلاسیک ناوی دەبەن.

دێمۆکراسی بەر لەوەی شێوە و سیستمێکی دەسەڵاتداریەتی بێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان شێوەێک لە ژیانە واتە بنەماو بنچینەی لە بیرو روانگەی تاکەکانی کۆمەڵگە هەیە و لە کۆمەڵگەیەکدا دەتوانێت وەکوو سیستمێکی حکوومەتی شکڵ بگرێت و سەقامگیر بێت، کە خەڵک لە بواری کۆمەڵایەتییەوە خاوەنی کولتووری و لە بواری سیاسییەوە ئامادەیی وەرگرتن و قبووڵکردنی بیرو بۆچوونی جۆراوجۆریان هەبێت.

دێمۆکراسی ئەزموونێکی جیهانییە، بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ مروڤە، دێمۆکراسی شێوەیەک لە شێوەکانی حوکمڕانی بووە و لەگەڵیدا و لە پێش و لە دوای ئەویشدا زۆر شێوەی دیکە دەرکەوتوون، بەڵام لەگەڵ رەوتی مێژووی مروڤایەتیدا لەناو چوون و لە مەحکەمەی ئەزموونی مروڤایەتیدا شکستیان خواردوە.

ئەوەی کە جەخت لە سەر قسەکیشمان دەکاتەوە ئەوەیە کە دەڵێن ئەو سیستمە سیاسیانە زۆربەی هەرە زۆریان لە بنەچەدا یۆنانی بوون، دێمۆکراسی پەیوەندی بە چەشنی بڕیاردان بە کۆمەڵ هەیە، لە دێمۆکراسی تەواوی ئەندامان وتاک ماڤی بڕیاردان و لە یاسادا ماڤی بەرانبەریان هەیە. بوونی دێمۆکراسی پێویستی بە دوو ئەسڵی گشتی هەیە، چاودێری گشتی بە سەر بڕیاردانی تێکڕایی و هەبوونی ماڤی بەرانبەر بۆ بەکارهێنانی ئەم چاوەدێریە هەر چەندە ئەم دوو ئەسڵە لە بڕیاردانی کۆمەڵگەیەکدا زیاتر بەڕێوە بچن، لەو کۆمەڵگەیەدا دێمۆکراسی زیاتر حاکم دەبێت.

وڵاتێک بە دێمۆکرات پێناسە دەکرێت کە سیستمی دەسەڵاتداریەتی لە رێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بە بەشداری تاکەکانی خاوەن دەنگی ئەو کۆمەڵگەیە دیاری کرابێت و خۆی بەرپرسیار بزانێت بەرانبەر بەو دەنگانە و هەر وەها پارێزەری یاسایەکی دێموکراتیک بێت کە لەرێگەی نوێنەرانی خەڵکەوە پەسەند کراوە.

دێمۆکراسی پارێزەری ئازادییە سەرەتاییەکانە، ماڤی ئازادی، رادەربڕین، ئازادی کۆڕوکۆبوونەوە ئەمنیەتی تاک و ئازادی سەفەرو هتد...
دێمۆکراسی یانی دیالۆگی ئاشکرا و بیرووهزری هاووڵاتییان لە سەر کۆمەڵگەیە.

ئەمڕۆ گرینگترین خاڵی دێمۆکراسی پڕۆسەی بڕیاردانە کە لە رێگەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت. دێمۆکراسیی ئەمڕۆ دێمۆکراسیی مودێڕنە، کە لەگەڵ دێمۆکراسیی کلاسیک جیاوازی هەیە، هەر بۆیە دێمۆکراسی وەک ئامانج و ئیدئاڵترین سیستەمی چارەسەری بۆ کۆمەڵگە دیکتاتۆرەکان وەک رژیمی دژەگەلی ئاخووندی ئێران.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە