کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانەکانی کوردستان + وێنە

19:30 - 6 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی کوردستان بە فەرمانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رێژیم، دووربینی مەداربەستەیان لە قوتابخانەکان داناوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم دواییانەدا بەرپرسانی قوتابخانەی کچانەی تمدن لە شاری بۆکان لە حەوشەی قوتابخانە دووربینی مەداربەستەیان داناوە.

داکوتانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانەکانی کوردستان بە مەبەستی سەرکوت، ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو قوتابیان و لەژێر چاوەدێری گرتنیان ئەنجام دراوە.

11929.jpg

یەکێک لە قوتابیانی دەبیرستانی کچانەی تمدن لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا رایگەیاند: داکوتانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانە بۆ کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری تەواو لەسەر قوتابیان لەلایەن بەرپرسانی حراسەتی و بەرپرسانی قوتابخانە بووەتە جێگای نیگەرانی لە نێو قوتابیاندا.

داکوتانی ئەو دووربینە مەداربەستانە بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی حراسەتی ناوچە و رێکخراوی پەروەردە و بارهێنان بەڕێوە دەچێت.

کارناسێکی کاروباری کۆمەڵایەتی لەو پەیوەندی لەگەڵ داکوتانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانەی کچانە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای رایگەیاند: مەبەست لەو کارە کۆنتڕۆڵکردنی قوتابیانی کچ، بەڕێوەبردنی حیجابی ئیسلامی و ئەمنییەتی کردنی فەزای قوتابخانەکانە.

دانانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانەکان لە حاڵێکدایە کە چەند ساڵ لەومەوبەر و لە سەرەتای ئەو گەڵاڵەیە، جێگری پەروەردە و نوێگەریی وەزیری پەروەردە و بارهێنان رایگەیاندبوو کە قەرار نییە کە لە قوتابخانەکان کاری پۆلیسی ئەنجام بدەین کە بمانهەوێت دووربین داکوتین، ئەوە بە نەزەری من کارێکی هەڵەیە.
گەڵاڵەی داکوتانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانەی کچانە لە چەند ساڵ پێش دەستی پێکردووە و دەوترێت کە بەڕێوەچوونی ئەم گەڵاڵەیە لە ساڵی خوێندنی ئەمساڵدا توندتر بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەندێك لەو راپۆرتانەی کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە بەرپرسانی قوتابخانەکان لە کوردستان بۆ داکوتانی ئەو دووربینانە لەژێر ناوی تێچووی قوتابخانە پارەیان لە قوتابیان وەرگرتبێت.

داکوتانی دووربینی مەداربەستە لە قوتابخانە تمدنی بۆکان لە حاڵێکدایە کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بۆکان لە بەخشنامەیەکدا بە قوتابخانەکانی راگەیاندبوو کە قوتابیان دەبێ بۆ ساڵی خوێندنی ٩٤ــ٩٣ تێچووی قوتابخانەکان بدەن.

بەپێی ئەو بەخشنامەیە سەرەرای تێچووی کتێب، بیمە، گۆڤاری گەشە و گەڵاڵەی هوشمەندسازی قوتابخانەکان، تێچووی قەبزی بەرق، گاز، تەلەفوون و نووژەنکردنەوە قوتابخانەکان و هەروها داکوتانی دووربینە مەداربەستەکان وەئەستۆی قوتابیان خراوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژیمی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی فەزای ئەمنییەتی، سەرکوت، چڕتڕکردنەوەی زەبروزەنگ لەسەر کۆمەڵگا و کۆنتڕۆڵی زیاتری فەزا گشتییەکان لە زانکۆکان، شەقامەکان، شوێنە گشتییەکان، کافی نێت و ئیدارە دەوڵەتییەکان لە هەوڵی داکوتانی دووربینی مەداربەستە لەو شوێنانە دایە.

لە هەندێک لە شارەکان، هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران بێ ئیزنی خاوەن کافینێتەکان دووربینی مەداربەستەیان داکوتاوە و بەو شێوەیە هێزە ئەمنییەتییەکان کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت لە کافینێتەکاندا دەبێت.

ئاویەر.ت

11930.jpg