کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندی حیزبی دێموکرات لەکۆنگرەی رێکخراوی کورد و ساید – چاک

20:49 - 6 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێنجەمین کۆنگرەی رێکخراوی کورد و ساید – چاک کە لە وڵاتی بلژیک بەسترا، بەشداریی کرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆنگرەی پێنجەمی رێکخراوی کورد و ساید–چاک، لە شاری  لوڤەنی وڵاتی  بێلژیک  دەستی بە کارەکانی کرد و ماوەی ٢ رۆژی خایاند.

کۆنگرەی پێنجەمی رێکخراوی کورد و ساید – چاک بە کۆنگرەی شەنگال و کۆبانی وەک نوێترین جینۆساید دژ بە نەتەوەی کورد، ناودێر کرابوو.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران لەلایەن ئەم رێکخراوەیەوە بەفەرمی بۆ کۆنگرە بانگهێشت کرابوو.

شاندی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی عەلی‌ئەشرەف مورادی، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەشداریی کرد.

عەلی ئەشرەف مورادی پەیامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی  ئیرانی بۆ پێنجەمین کۆنگرەی رێکخراوی کورد و ساید – چاک پێشکەش بەکۆنگرە کرد.

لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا وێرای پیرۆزبایی کردن و خواستنی هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی کۆنگرەکە، خەباتی ١٣ ساڵی رابردووی رێکخراوی کورد و ساید – چاک بەرز نرخێندرابوو کە لەم ماوەیەدا لە بواری کارکردن بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا، چەندین دەسکەوتی باشیان بەدەست هێناوە. 

پەیامی حیزبی دێموکرات بۆ ئەو کۆنگرەیە، لەگەڵ پێشوازیی بەشدارانی کۆنگرە بەرەوڕوو بوو.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لەو کۆنگرەیەدا چەندین دادوەر ئامادەبوون و وتاری خۆیان پێشکەش کردوە و هەروەها ئامادەبوونی خۆیان دەربڕیوە  کە ئامادەن خۆبەخشانە بۆ ناساندنی دۆسیەکانی کوردی بۆ بەجینۆساید ناساندنیان و هەروەها  بەرگری  لە  گەلەکەمان لەئاستی جیهانیدا کار بکەن.

ئاویەر.ت