کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕەسمی ٢ی رێبەندانی لە واشینگتۆن بەڕێوەچوو

20:41 - 6 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە واشینگتۆن بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٩ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردانی نیشتەجێی واشینگتۆن بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، پەیامی کۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا لەلایەن جەماڵ عەبدوڵازادە بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا.

لەو پەیامەدا ئاوڕ لە هەلومەرجی ئەورۆی خەباتی کورد بەگشتی و هەلومەرجی خەباتی کوردەکانی رۆژهەڵات و سیاسەت و ستراتیژییەکانی حیزب درابویەوە کە لەم دۆخەدا بۆ یەکریزی و یەکبوونی بزوتنەوەی کورد بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێ و بە جیددی کار دەکات.

پاشان داوا لە نووسەری بە ناوبانگی ئەمریکایی سیڤین مانیسفێڵد کە نوێترین بەرهەمی بە ناوی موعجزەی کوردەکان بڵاوبۆتەوە، کرا کە وتەیەک پێشکەش بکات.

سیڤین لە قسەکانی دا، وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لەو رێورەسمەدا، پشتیوانی خۆی بۆ پرسی کورد دەربرێ و لە زمان ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکاوە رایگەیاند کە کورد نیشانی داوە شیاوی بارودۆخێکی باشتر لە رۆژهەڵاتی ناڤین دایە.

پاشان، پەیامی لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان - ئەمریکا و کانادا و هەروەها پەیامی رێکخستنەکانی یەکیەتیی نیشتمانی لە ئەمریکا پێشکەش کران.

پاشان، پەیامی کۆمەڵەی شوڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - ئەمریکا خوێندرایەوە.

پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لەلایەن مەحبووبە حوسێنی ئەندامی بەرێوەبەرایەتی کۆمیتەی ژنانی دێموکرات - ئەمریکا پێشکەشکرا.

هەروەها، سەرجەم وتاربێژان بە بایەخەوە باسیان لە دەور و پێگەی سیاسیی و نەتەوەیی کۆماری کوردستان کرد و بە تێکرا پێداگر بوون کە کۆماری کوردستان نوێنگەی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد بووە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ – ئەمریکا، پارتی خەڵک و دێموکراسی، کۆمەلەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان - کۆمیتەی ئەمریکا، رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە ئەمریکا بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵ و پەیامی پیرۆزبایی، ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان پیرۆزبایی کرد.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا، پارچە شێعرێک لەلایەن عوسمان پاڵانی پێشکەش کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە ویلایەت و شارەکانی دوور وەک ویلایەتی نەشویل و شاری هیرسونبۆرگ بەشداری بەرنامەکەیان کردبوو.

رێوڕەسمەکە بە گورانی هونەرمەندان میکائیل و فواد کۆتایی پێهات.
کازیوە.ر