کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قورسترکردنی گەمارۆی ئابووری لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانەکان

14:30 - 7 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: یازدە سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا گەڵاڵەیەکیان لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان بۆ قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران ئامادە کردووە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندان ١٣٩٣ی هەتاوی ١١ سێناتۆری کۆنگرەی ئامریکا لە بڕیارنامەیەکدا رایانگەیاندووە ئەگەر شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران بە ئاکام نەگەن؛ گەمارۆی قورستر دژی رێژیمی تاران پەسند دەکەن.

هەواڵدەریی رۆیتێرز لەو بارەیەوە رایگەیاندووە کە ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن ١٠ سێناتۆری دێموکرات و یەک سێناتۆری سەربەخۆ ئامادە کراوە کە لە ئەگەری شکستی دانوستانە ناوکییەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆی قورستر دژی رێژیمی ئێران دەخرێتە روو.

سێناتۆر دایان فاینشتاین لە ئامادەکارانی ئەو بڕیارنامەیە بڵاوی کردووەتەوە: پەسندکرانی گەمارۆ نوێیەکان پێش تەواوبوونی کاتی دیاریکراو بۆ دانوستانەکان دەتوانێت هەوڵەکانی ئێمە بۆ رێکەوتن لەگەڵ رێژیمی ئێران زۆر لاواز بکات.

هەروەها سێناتۆر کریس مۆرفی یەکێکی دیکە لە ئامادەکارانی ئەو گەڵاڵەیە رایگەیاندووە: ئەو کەسانەی کە ئەو بڕیارنامەیەی وا لە کۆمیتەی سێنا خراوەتە بەر باس بە زەرەر دەزانن؛ خاڵێکی باش بۆ پشتیوانی لە دیپلۆماسی پێک دێنێت.

هەموو ئەو بابەتانە لە حاڵێکدایە کە کۆمیتەی بانکی سێنا لەم حەوتوویەدا گەڵاڵەیەک دەخاتە بەر باس کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە ئەگەر رێکەوتنێک لەنێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ هەتا رێکەوتی ١٠ پووشپەڕی ١٣٩٤ ئەنجام نەدرێت؛ گەمارۆکان دژی رێژیمی تاران قورستر دەکەن.

ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن سێناتۆری کۆماریخواز مارک کێرک و سێناتوری دێموکرات رابێرت مێنێندێز ئامادە کراوە.
هەندێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ئێران دەبڕیوە و لەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی چەکوچۆڵی ئەتۆمی کەڵکی لێوەردەگرێت.

لەو پەیوەندییەدا دەوڵەتی هێند بە پاڵاوگە نەوتییەکانی خۆی فەرمانی داوە کە رێژەی کڕینی نەوت لە ئێران کەم بکەنەوە.

دەوڵەتی هێند دووهەمین دەوڵەتی کڕیاری نەوتی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووە.

مارک کرێک، سێناتۆری کۆماریخوازی کونگرەی ئامریکا کە لەگەڵ رابێرت مێنێندێز، سێناتۆری دێموکراتی کۆنگرە، گەڵاڵەی خولی یەکەمی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئیران کە لە ٥ ساڵ پێش ئێستا، بە کۆنگرەی ئامریکا رادەستییان کرد، ئێستا گەڵاڵەی نوێ بۆ قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران بۆ رادەستکردن بە کۆنگرەی ئامریکا، ئامادە کردووە کە هەڕەشەی باراک ئووباما بە ڤیتۆ کردنی قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی بە شوێنەوە بووە.
مارک کرێک پێشتریش پشتیوانی خۆی لە گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئیران رایگەیاند کە لە پێناو روون نەکردنەوەی بەرنامەی ناوکی، گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران دەبێت تا ئەو رادەیە قورس بکرێت کە نان لە دەمی خەڵكی ئێران بگرێتەوە.

گادەر.د