کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی جیهانی: دورەدیمەنی ئابووریی ئێران ناڕوونە

20:08 - 7 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بانکی جیهانی لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاوی کردووەتەوە کە دورەدیمەنی ئابووری ئێران ناڕوونە و نیسبەت بە ئابووریی ئەو وڵاتە گەشبین نییە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممەی حەتووی رابردوو بانکی جیهانی لە راپۆرتێکدا لەژێر ناوی دورەدیمەنی ئابووری جیهان ی بڵاوی کردووەتەوە کە دورەدیمەنی ئابووریی ئێران ناڕوونە و نیسبەت بە ئابووری ئەو وڵاتە گەشبین نییە.

بانکی جیهانی لەو راپۆرتەدا رایگەیاندووە کە دوای نرخی گەشەی ساڵی رابردوو کە هیوابڕ بووە وڵاتانی لە حاڵی گەشە ئەمساڵ دوخی ئابووریان باشتر دەبێت و ئەو رەوتەش هەتا ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ی زایینی درێژەی دەبێت، بەڵام لە روانگەی بانکی جیهانی ئابووری جیهان بەرەو دۆخێکی خراپ دەروات و تەنیا وڵاتانێک دەتوانن دۆخی ئابووری باشیان هەبێت کە ئابووری وڵاتەکەیان لەگەڵ ئاڵ وگۆڕێ جیهان یەک بگرێتەوە.

هەروەها ئەو رێکخراوە نێو دەوڵەتییە سەبارەت بە ئێران بڵاوی کردووەتەوە سەرەتا ئابووری ئێران لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکی بەرەوڕوویە کە یەکێکیان گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە کە بەربەستێکی گەورەیە بۆ پەرەسەندنی ئابووریی ئەو وڵاتە و پاشان گرێدراوی ئابووری ئەو وڵاتە بە نەوتە کە لەو بارودۆخەی ئێستادا کە نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە هیچ سوودێکی بۆ ئێران نییە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ئێران بۆ هاوسەنگ بوودجە پێویستە هەر بەرمیلێکی نەوت بە سەرووی ١٣٠ دولار بفرۆشێت لە حاڵێکدا هەنووکە هەر بەرمیل نەوتی خاو ٤٥ دولارە.

بانکی جیهانی گەشەسەندنی ئابووری ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا ژێر لەسەدا ١ پێش‌بینی دەکات و ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە سەدا ١ و ساڵی ٢٠١٧ی زایینی ئەو رادەیە لە سەدا ٢.٢ بەراورد دەکات.

بەپێی ئەو راپۆرتە دۆخی ئابووری ئێران خراپتر لەو حاڵەتە دەبێت کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران و حەسەن رووحانی سەرکۆماری رێژیم باسی لێ دەکەن.

گادەر. د