کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژانە ٤٤٠ حاڵەتی تەڵاق لە ئێران تۆمار دەکرێت

20:34 - 7 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی هەڵکشانی رێژەی تەڵاق لە ئێران، رۆژانە لانیکەم ٤٤٠ حاڵەتی تەلاق لەلایەن رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی رێژیمی ئێرانەوە تۆمار دەکردرێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کێشەی ئابووری لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە تایبەت پاش داسەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران و بەرز بوونەوەی هەڵاوسان و بێکاری لە ئێران، سەرەکیترین هۆکارەکانی چوونە سەرەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێراندایە.

کێشەی ئابووری لە ئێران، سەرەڕای چوونە سەرەوەی تەمەنی هاوسەرگیری، بووەتە هۆی دابەزینی تۆمار کردنی هاوسەرگیری و هەروەها زۆر بوونی ئاماری تەڵاق.

ئەمارە فەرمییەکانی رێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن کە لە سەدا ٢٠ لە ٨٠٠ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری ساڵانە لە ئێران تووشی تەڵاق دەبن.

بەپێی ئەم ئامارانە، رۆژانە ٤٣٨ حاڵەتی تەڵاق لەلایەن رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسێتی رێژیمی ئێران تۆمار دەکردرێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئاستی تەڵاق لە ئێران لە نێوان ساڵانی ١٣٦٥ هەتا ١٣٧٦ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە نێوان ساڵانی ١٣٧٦ هەتا ١٣٨٣ وەک خۆی مابووەوە و لە ساڵی ١٣٨٣ هەتا ئێستا زیاد بوونی بە خۆییەوە بینیوە.

لە ماوەی یەک کاتژمێر لە ئێران ١٨ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکردرێت.

کارناسانی کۆمەڵناسی و دەرون‌ناسان، سەرەکیتیرین هۆکاری بەرز بوونەوەی تەڵاق لە ئێران و دابەزینی ئاستی هاوسەرگیری، بۆ نەبوونی داهاتوویەکی هیوابەخش دەگەڕەێننەوە.

ئەم کارناسانە سەرەکیترین هۆکاری ئەم جۆرە بارودۆخە بە سیاسەتە هەڵەکانی رێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە دەزانن کە بە زۆر بوونی ئاستی بێکاری لاوان کۆتایی پێدێت.

ئەم کارناسانە لە سەرئەو باوەڕەدان کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بە هۆی زۆر بوونی نرخی کەلوپەل کە بنەماڵەکان وەک جەهاز ناوی لێدەبەن، ٣ بەرانبەر زیادی کردووە و لە بەرانبەریدا حەقدەستی کرێکار تەنیا لە سەدا ٢٠ زیادی کردووە.

آبیدر.ت