کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی ئێران پاش ئازادیی کۆبانی میلیتاریزە کرا

13:46 - 9 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیران پاش ئازاد بوونی کۆبانی، دەستیان دایە میلیتاریزە کردنی شار و ناوچە کوردنشینەکان.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئازاد بوونی کۆبانی و خاوێن کردنەوەی ئەم شارە لە هێزە تیرۆریستییەکانی داعش، هێزە نیزامییەکان، ئەمنییەتییەکان و لیباس شەخسییەکانی رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرین لە ئاستی شارەکانی سنە و مەریوان، دەستیان دایە میلیتاریزە کردنی ئەم شارانە.

هەواڵدەریی کوردپا جەختی لەسەر میلیتاریزە کردنی سنە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێرانەوە کرد و رایگەیاند کە هێزە نیزامی و ئەمنییەتیەکان لە تەواوی شەقامەکان و جێگا گشتییەکانی سنە و رێگا سەرەکییەکان، لە کۆبوونەوەی زیاتر لە ٢ کەس پێش دەگرن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان و لیباس شەخسییەکانی ئێدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە مەریوان، لە هەڵپەرکێی هاووڵاتییانی مەریوانی کە بەڵێن بوو لە سەیرانگای دەریاچەی زرێبار بەڕیوە بچێت، پێشگیرییان کرد.

دەوترێت کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لاوێکی کوردی خەڵکی مەریوان بە ناوی جەلال خویشکار تەمەن ٢٩ ساڵەیان دەستبەسەر کردوە.

راپۆرتەکان باس لە میلیتاریزە بوونی ئاستی شاری مەریوان لە رۆژانی رابردوودا دەکەن.

راپۆرتە گەیشتووەکان لە شاری جوانڕۆیش باس لە شادی و خۆشی هاووڵاتییانی کورد و بڵاو کردنەوەی شیرینی بە بۆنەی ئازادیی کۆبانیەوە دەکات.

پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئازادیی کۆبانی و خاوێن کردنەوەی ئەو شارە لە هێزە تیرۆریستییەکانی داعش پاش ١٣٣ رۆژ، شەپۆلی شادی و ورەی سەرکەوتن سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئازاد کردنی کۆبانی، لە پەیامێکدا ئازاد بوونی کۆبانی لە دەستی گرووپی تیرۆریستیی داعش پیرۆزبایی کرد.

ئاویەر.ت