کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران نەشیاوترینی وڵاتان لە بواری ئازادی و دێموکراسی

15:00 - 9 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوی چاودێری دۆخی ئازادی و دێموکراسی لە جیهاندا رایگەیاند کە ئاستی ئازادی لە جیهاندا جێگای نیگەرانییە و ئێران وەک هەمیشە یەکێک لە خراپترین وڵاتانی جیهان لە بواری ئازادیدا ناسێندراوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکخراوی چاودێری دۆخی ئازادی و دێموکراسی لە جیهان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە ئاستی ئازادی لە جیهاندا جێگای نیگەرانییە و سەبارت بە دابەزینی ئازادی هۆشداری داوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە کە فریدام هاوس (خانووی ئازادی) رێکەوتی ٨ی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتی سووریە وەک نائازادترین وڵاتی جیهان ناسانێندراوە و دەستێوەردان رووسیە لە ئۆکراین زەربەیەکی قورس بۆسەر دێموکراسی پێناسە کراوە.

راپۆرتی فریدام هاوس سەبارەت بە ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە توندئاژۆکان لە پەسندکرانی هەر جۆرە رێفۆرمێک بۆ زۆربوونی ئازادییە مەدەنییەکان یا کەم کردنەوەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە ژیانی خەڵکدا بەربەست دروست دەکەن.

لە راپۆرتەدا، نمرەی دۆخی ئازادی بۆ هەر وڵاتێک لەسەر دوو نمرەی گشتی کە یەکێکیان بۆ مافە سیاسییەکان و ئەوی دیکەش بۆ ئازادیە مەدەنییەکان و یەک بۆ ئازادترین و ٧ بۆ کەمترین ئازادی لەبەر چاو گیراوە و ئەو دوو نمرە گشتییە بەپێی ئیمتازەکانی ٢٥ پێوەری پاژەکی بەدەست دێت کە ئێران وەک هەمیشە بە ٦ نمرە وەک خراپترین وڵات لەباری ئازادیەوە ناسێندراوە.

فریدام هاوس لەو راپۆرتە ساڵانەیەی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە: بەرزبوونەوەی لەناکاوی هێرشە تێرۆریستییەکان و تاکتیکی هێرشە بەربڵاوەکان کە رێژیمە دەسەڵاتخوازەکان پەنای بۆ دەبەن، یارمەتی بە سووک کردنی گەشەکردنی پێوەرە دێموکراتیکەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا داوە.
ئەو راپۆرتە ئاستی ئازادیی لە ١٩٥وڵاتی جیهاندا هەڵسەنگاندووە و ناورۆکی ئەو راپۆرتە جیا لە دێموکراسی، گەڕانەوە بۆ مشتی ئاسنین هەڵبژێرداروە کە لەو ١٩٥ وڵاتە ٨٩ وڵات ئازاد، ٥٥ وڵات هەتا رادەیەک ئازاد و ٥١ وڵات نائازاد هەڵسەنگێندراون.

هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە کە سەرەڕای باشتربوونی دۆخی دێموکراسی لە وڵاتانی وەک کوبا و توونێس، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا لە بواری دێموکراسی تووشی دابەزین بوون نزیک بە دوو قات زیاتر لەو وڵاتانە بووە کە لەو بارەیەوە دۆخی باشتریان هەبووە.

لەو راپۆرتەدا تێرۆریزم وەک هۆکارێکی سەرەکی ئاماژەی پێکراوە و هاتووە کە: میلیشا ئیسلامییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا هێزە ئەمنییەتییەکان و هاووڵاتیانی سێڤیلیان بە کۆمەڵ کوشتووە، بیانییەکانیان بە بارمتە گرتووە و کەمینە مەزهەبییەکانیان وەک موسڵمانانیانی لە دین وەرگەڕاو لە قەڵەم داوە و یا کوشتویانە یا بە یل گرتوویانن.

بەپێی راپۆرتی فریدام هاوس، تێرۆریزم گاریگەریەکی وێرانکەری لەسەر وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، پاکستان و نیجریە هەبووە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بە گرووپی تێرۆریستی داعش کراوە و راگەیاندراوە کە ئەو گرووپە کردەوەی دژە مرۆیی وەک هەوڵدان بۆ لە ناوبردنی مەسیحییەکان، شیعەکان، ئێزدی و کۆمەڵگاکانی دیکەی ئەنجام داوە.

لەو راپۆرتەدا ئیسرائیل بە نمرەی یەک وەک یەکێک لە وڵاتانی ئازاد ئەژمار کراوە و وڵاتانی چین، ئۆزبەکستان، تورکمەنستان، عەرەبستانی سعوودی، کۆرەی باکوور، سووریە، سوومالی، سوودان و ئەریترە خراپترین وڵاتانی جیهانن.

گادەر.د