کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

UNHR: رێژیمی ئێران تاوانبارە بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ

19:55 - 11 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: چاوەدێری مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەدا لە بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا، نیگرانی دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، لە ناوئاخنی گوڤارێکی ٦٥٦ لاپەڕەیيدا کە بە بیست و پێنجەمین راپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ ناسێندراوە، جگە لە رەخنە لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە درێژەی رەوتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی هەواڵی بلاو کردەوە.

لە راپۆرتی جیهانیی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی چاوەدێری مافی مرۆڤ هاتووە کە دەست و پەیوەندییە سەرکوتکەرەکانی سەربە هێزە ئەمنییەتی، ئیتلاعاتی و دەزگایی دادوەریی ئێران، هێزێکی بەرچاو و بەرینیان بۆخۆیان راگرتووە و لە سەرتاسەری ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا پێشێلکاری مافی مرۆڤیان تا رادەیەکی بەرز ئەنجام داوە.

لەم راپۆرتەدا، سەبارەت بە بەرەو خراپی چوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پاش هاتنە سەر کاری حەسەن روحانی ئاماژە کراوە و لەم پەیوەندییەدا،UNHR  رایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئێران، سەرەڕای بەڵێنەکانی حەسەن روحانی لەپێناو باشتر بوونی مافی مرۆڤ لە ئێران دوای هاتنە سەرکاری کابینەی سەرکۆماری نوێ، بە کردەوەی سەرکوتکەرانەکانی خۆیان درێژەیان داوە.

رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە راپۆرتی جیهانیی ٢٠١٥ی زایینی خۆیدا، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ٩٠ وڵاتی جیهان خستووەتە بەرباس.

لەم پەیوەندییەدا، بارودۆخی مافی مرۆڤی ئێران، لە بڕگەی زەمەنیی ٩ هەتا ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە بەشداری شاندی نوێنەرایەتی رێژیمی ئێران لە رێکخراویی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ خرایە بەرباس.

لە ماوەی دانیشتنی دەورەیی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ژنێڤ، لەلایەن ١٠٨ وڵاتی بەشدار، ٢٩١ پێشنیار و رێکار بە رێژیمی ئێران دراوە و رێژیمی ئێران ئەرکدارە کە هەتا کەمتر لە دوو مانگی دیکە، بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵام بداتەوە.

لە خولی یەکەمی تاوتوێی جیهانی دۆسیەی بارودۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، رێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتانی بەشدار بوو ٢١٢ پێشنیاری وەرگرتووە، بەڵام تەنیا بە جێبەجێ کردنی ١٢٦ حاڵەت پابەند بووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا، رێژیمی ئێران لەو ١٢٦ رێکارەی کە لە خولی یەکەمی دانیشتنی مافی مرۆڤ وەریگرتبوو؛ تەنیا یەک حالەتی جێبەجێ کردووە.

ابیدر.ت