کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێن ئەوانەی تەرمی داعشییەکان دەشێوێنن؟

20:01 - 11 رێبەندان 2714

دوای هێرشی هێزەکانی داعش بۆ سەر عێراق و داگیرکردنی پارێزگای مووسڵ و دوابەدوای ئەوەش خەلافەتی ئیسلامی لەو شارە دامەزراند، هەڵاتنی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لەلایەک و خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی کوردستان لەلایەکی دیکەوە بووە هۆی ئەوەی ناوی پێشمەرگە ببێتە مانشێتی زۆربەی میدیا بەناوبانگە جیهانییەکان.

11966.jpg
ئەرسەلان یارئەحمەدی

دەرکەوتنی ناوی پێشمەرگە لە میدیا جیهانییەکان وەکوو هێزێکی بەرگریکار و خۆڕاگر لەهەمبەر تیرۆریستەکانی داعش بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی بەشێوەیەکی راستەوخۆ یارمەتی لۆجێستیکی و سەربازی بدەن بەهێزەکانی پێشمەرگە و تەنانەت هێندێک لەوڵاتانیش وەکوو ئاڵمان راهێنان بە پێشمەرگەکان بکەن و ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی ئەورووپا لەباشووری کوردستان بنکەی نوێنەرایەتی بکاتەوە، کە لەبواری سیاسییەوە دەتوانێ دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بێت.

بێگومان پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هێزی پێشمەرگە و نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ خۆڕاگری و داکۆکی لە مافەکانی نەتەوەی کورد و هەروەها هەموو پێکهاتە ئایینی و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی وەکوو عەرەب و تورکمەن بەبێ فەرق و جیاوازی لەو ماوەیەدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

هێزێک کە بەهەموو تواناوە بەرەنگاری خوێنمژترین ترۆریستانی سەدە کە سەربڕین و ئاوخواردن وەکوو یەک وایە لایانەوە و لەژێر ناوی ئیسلام خەڵک سەر دەبڕن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان و لەبازاڕەکان وەکوو کۆیلە دەیانفرۆشن، بووەتەوە.

بەداخەوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئەو داعشیانەی کە بەدەستی پێشمەرگە کوژراون و لاقی لەسەر سینگیان دانراوە و یان تەرمەکانیان بەردباران شوێندراوە و بەردباران کراوە و تەنانەت لەحاڵەتێکیشدا تەرمی یەکێکیان بەستراوەتەوە بە ئۆتۆمبیلێک و لەسەر شەقام رایدەکێشن، بڵاو بووەتەوە!

ئەمە راست ئەو داوەیە کە دوابەدوای پشتگیری بەرینی رۆژئاوا لەهێزی پێشمەرگە و نەتەوەی کورد دوژمنانی ناوچەیی کورد لەسەرووی هەمووشیانەوە ئێران بۆ کوردیان داناوە و بەداخەوە خەریکە سەرکەوتوو دەبن.

داوێک کە کاڵکردنەوە و لە ئاکامدا کۆتایی هێنانی پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هێزی پێشمەرگە و سەر لەنوێ تەنیا مانەوەی کورد و ملکەچ و چاولەدەستبوونی لە دوژمنانی خۆی کردووەتە ئامانج.

کێن ئەوانەی کە ئەو جۆرە وێنانە بڵاو دەکەنەوە؟

بە بڕوای من ئەو کەسانە دوو دەستەن؛ دەستەیەکیان ئەوانەن کە دەیانهەوێ شکستە حیزبییەکانی خۆیان بشارنەوە و بەشێوەیەکی نائاگاهانە و نەزانانە بەبڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە دەیانهەوێ ورەی هاوبیر و هاوحیزبییەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە!

بەڵام دەستەی دووهەم کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەباتی رەوای گەلی کورد بەئەژمار دێن، ئەوانەن کە بەشێوەیەکی تەواو ئاگاهانە و پلان بۆداڕێژراو و لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دراوسێی کورد خەریکە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد نەزۆک و ناشیرین دەکەن.

بەداخەوە ئەوەی کە جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر کە بەشێکیان کەسانی ناسراون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ بیر کردنەوە کە ئاکامەکانی بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە وێنانە، بەشێوەیەکی بەرین دەستیان داوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە کە لەراستیدا هیچیان لەهەڵسوکەوتەکانی داعش کەمتر نییە.

راستە ئێمەی کورد زامدارین، راستە کچان و ژنانمان دەستدرێژیان کرایە سەر و وەکوو کۆیلە فرۆشران، راستە دەیان پێشمەرگە و رۆڵەی بە ئەمەگی ئەم خاک و ئاوە بەدەستی ئەو هێزە سەدە نێوەڕاستییە سەر بڕدراون، بەڵام ئاخۆ کردەوەی هاوشێوەی ئەوان برینەکانی ئێمەی کورد ساڕێژ دەکات؟ ئایا حۆجام سورچی یەکان دەگەڕێنەوە؟ ئازار و مەینەتی ١٠ منداڵەکەی کەم دەبنەوە؟ بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەو پرسیارانە نەیە.

کەوابوو ئەرکی تاکی کورد ئەوەیە بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، نەک هەر ئەو جۆرە وێنانە کە بەداخەوە زۆر جار جلی کوردی و ئاڵای کوردستانیش وەک دوو هێمای نەتەوەی ئێمەی کورد تێیدا دەبیندرێت بڵاو نەکاتەوە، بەڵکوو پێش ئەو جۆرە کردەوانە بگرین و داوای بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو کەسانە بکەین کە ئەو جۆرە وێنانە دەکێشن و بڵاویان دەکەنەوە.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێم جێگەی خۆیەتی کە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم پێویستە لەسەر ئەو کردەوە قێزەونانە هەڵوێستی لێبڕاوانەیان هەبێت و ئیزن نەدەن لەژێر ناوی پێشمەرگە و هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد کردەوەی هاوشێوەی کردەوەکانی داعشی بێزراو و تەریک کەوتوو لە کۆمەڵگەی جیهانی ئەنجام بدرێت.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە