کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی چوار هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین و رەقبردوویی

14:30 - 12 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: تەقینەوەی مین لە کەلاوەی کۆنە پایگای سپای پاسداران و دابەزینی دۆخی کەش و هەوا لە ناوچە سنووریەکانی پیرانشار گیانی ٢ هاووڵاتیی کوردی ئەستاند و لەشساغیی ٢ کەسی دیکەش بەتوندی کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، دوای دابەزینی پلەی کەش و هەوا و بارینی بەفر لە ناوچە سنووریەکانی پیرانشار، ٢ کۆڵبەری کورد تووشی رەقبردوویی بوون و گیانیان لە دەست دا.

ئەو رووداوە لە شاخەکانی بەربنی و لە نزیک شوێنێک بە نێوی کانی خودا رووی داوە و لە ئاکامدا ٢ کۆڵبەڕ بە ناوەکانی ئیبڕاهیم محەممەد زادە تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی ئەحمەد خەڵكی گوندی شڵێم جاران و ئیبڕاهیم پایمەرد تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی رەحمان و خەڵكی گوندی خورینج سەر بە لاجانی پیرانشار، گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە درێژەی کوژرانی هاووڵاتیانی کورد کە بە مەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانیان بۆ ناوچە سنووریەکیان (کۆڵبەری) و کێوەکان (کۆکردنەوەی رووەکی دەرمانی) دەچن، دوو هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە.

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی باغانی سەر بە سەرشیوی مەریوان، سەرقاڵی کۆکردنەوەی گیای مازوو کە جۆرێک گیای دەرمانییە؛ بوون کە لە دەورووبەری کۆنە پایگای سپای پاسداران تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوون.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە قەباڵ شەریفی تەمەن ٤٠ ساڵ و ئیبڕاهیم تام تەمەن ٢٥ ساڵ راگەیەندراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە و بە هۆی قوڵی برینەکان، هەتا ئێستا دوو نەشتەرگەری لەسەر دەموچاوی ئیبڕاهیم تام ئەنجام دراوە.

هاووڵاتیانی ناوچە سنووریەکانی کوردستان بە هۆی بێکاری و نەبوونی داهات پێویست روو لە کۆڵبەری لە ناوچە سنووریەکان و خڕکردنی گیاوگۆڵە دەرمانییەکان دەکەن و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران و تەقینەوەی مینە چیندراوەکانی سەردەمی شەڕی عێراق و رێژیمی ئێران، رنوو و رەقبردوویی گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.

ئاویەر.ت