کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی چالاکێکی کرێکاری کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران

12:44 - 16 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران، چالاکێکی کرێکاری کوردی خەڵکی سنەیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بۆ دامەزراندنی دامەزراوە کرێکارییەکان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، زانیار دەباغیان چالاکی کرێکاری کوردی خەڵکی سـنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم ئەو چالاکە کرێکاریەیان لە ماڵی خۆی کاتێک ویستوویەتی بچێتە سەر کار دەستبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دوای دەستبەسەرکران، تەلەفوونی ئەو چالاکە کرێکارییە کوردەیان کوژاندۆتەوە و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە و هەتا یەک رۆژ دوای دواتر بنەمالەی ناوبراویان ئاگادار نەکردۆتەوە کە ناوبراو دەستبەسەر کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سـنە، دوای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی زانیار، دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە کرێکارییە کوردەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان تەئید کردووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی و دۆخی زانیار دەباغیان، چالاکی کرێکاری کورد هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی یەكشەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی مێهرداد ئەمین وەزیری لە چالاکانی کرێکاریی کورد لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا ئاگادار کرایەوە کە دەبێ بە مەبەستی لێپێچینەوە خۆی بە لێکۆڵەری لقی یەکی دادگای سـنە بناسێنێت.

12000.jpg
مێهرداد ئەمین وەزیری

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن هێزە لیباس شەخسیەکانی سەر بە وەزارتی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەیدا دەستەبەسەر و دوای ١٠ رۆژ لە دەستبەسەرکرانی لە ستادی خەبەری ئیتلاعاتی سـنە با دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

رێژیمی ئێران بەردەوام یەکێک لە حکوومەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت و ساڵانە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەحکووم دەکرێت.

پێشێلکردنی مافی کرێکاران وەک بەشێک لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئەژمار دەکرێت.

پێشگرتن لە دامەزراندنی ناوەند و دامەزراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ، وەرگرتنی مافی کۆبوونەوەکان، مانگرتن و خۆپیشاندانەکان، نەبوونی پشتیوانی یاسایی لە مافی هێزی کار و ... لەو مافانەن کە رێژیمی ئێران لە بواری مافی کرێکاران بە شێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکات.

دەستبەسەرکرانی چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتی بە دامەزراوە کرێکارییەکان لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەندی ٤ی ماددەی ٢٣ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ پەسندکراوی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر کەس بۆ پشتیوانی لە بەرژەوەندی خۆی مافی دامەزراندن و ئەندامبوونی لە یەکیەتییە سنفیەکاندا هەیە.

ئاویەر. ت