کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیعدامی زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان

16:10 - 16 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی بەلووچ دوای راگواستن لە زیندانی چابەهارەوە بۆ زیندانی زاهیدان، لە بەرچاوی بەرپرسانی رێژیم، لە سێدارە درا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، حوکمی ئیعدامی جیهەند ریگی زیندانی سیاسیی بەلووچ لە زیندانی ناوەندی زاهیدان بەڕێوە چوو.

جیهەند ریگی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤ی رێبەندان لە زیندانی چابەهار کە ماوەی دوورخرانەوەکەی لەوێ تێپەڕ دەکرد؛ بۆ ژووری تاکەکەسی بەندی دابڕگە (قرنطینە)ی زیندانی زاهیدان راگوێزرابوو.

بەپێی ئەو راپۆرتە لە کات و شوێنی بەڕێوەچوونی حووکمی ئەو زیندانییە سیاسییە بەلووچە، مەرزیە دادستانی زاهیدان، مەگولی سەرۆکی لقی یەکی دادگای ئینقلابی زاهیدان لەوێ ئامادە ببوون.

جیهەند ریگی، چوار ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کرابوو و پاشان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی زاهیدان بە ١٠ ساڵ زیندان و ئیعدام مەحکووم کرابوو.

ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی بڵاوی کردووەتەوە کە لێکۆڵەرانی وەزارەتی ئیتلاعات مەرجی ئازادکردنی جیهەند ریگی هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات و تێرۆری چالاکانی بەلووچ لەلایەن خزمەکانیەوە راگەیاندبوو و چەندین جار خۆی و بنەماڵەی ناوبراویان خستبووە ژێر ئازار و ئەزیەت کە لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات هاوکارتی بکەن و کاری تێرۆر بکەن.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران، ساڵانە چەندین هاووڵاتیی کورد، عەرەب و بەلووچ بە تۆمەتی دەستکرد دەستبەسەر و بە ئیعدامیان مەحکووم دەکات و حوکمەکانیان بەڕێوە دەبات.
لەو پەیوەندییەدا، لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، وەحید شەهبەخش تەمەن ٣٠ ساڵ و مەحموود شەهبەخش تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی زاهیدان و لە زیندانیانی سیاسیی بەلووچ، دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە دەستبەسەرکران و ناڕوون بوونی چارەنووسیان، ئیعدام کران.

پێشێلکاری مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران، چەندین جار رەخنەی توندی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە، بەڵام دۆخی مافی مرۆڤی ئێران بە تایبەت دۆخی مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و پێڕەوانی مەزهەب و ئایینەکان، دوای هاتنە سەرکاری حەسەن روحانی بەردەوام خراپتر بووە و ئێستایش بەرەو باشتر بوون ناڕوات.

ئاویەر. ت