کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی راستە و خۆی هێزە نیزامییەکانی رێژیم کوژرا

15:18 - 17 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: بە تەقەی راستە و خۆی هێزە نییزامییەکانی هەنگی سنووری رێژیمی ئێران لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد لە ناوچەی پیرانشار، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی ١٥ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی هێزە نییزامییەکانی هەنگی سنووریی رێژیمی ئێران لە ناوچەی سنووری پیرانشار، لە بەرزایی لاوێن کاروانی کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر تەقەی راستەوخۆ.

لەم کردەوەی هێزەکانی رێژیمی ئێڕان کە بەبێ هوشدارێکی پێشوەخت ئەنجام دراوە، کۆڵبەرێکی کورد بە توندی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەست دا.

هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی ئەم کۆڵبەرە کوردەی مەناف کاریوەند، تەمەن ٢٨ ساڵە، خێزاندار، خاوەن منداڵێک و خەڵکی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد راگەیاندووە.

بەپێی تێبینیی سێهەمی رستەی ٣ی ماددەی ٣ی یاسای بنەڕەتی هێزە نییزامییەکان کاتێک دەتوانن لە چەک کەڵک وەربگرن کە هیچ چارەیەک جگە لە کەڵك وەرگرتن لە چەک نەبێت و سەرنج بدەن لە رەچاو کردنی جۆرەکانی تەقەی ئاسمانی، نێوقەد بەرەوخوار و نێوقەد بەرەوژوور.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە شەوی رابردوو، سەرەڕای ئەوەیکە کۆڵبەرانی کورد هاواریان کردووە و بە هێزە نییزامییەکان رایانگەیاندووە کە خۆیان بەدەستەوە دەدەن؛ بەڵام بە بێ هیچ سەرنجدانێک ئەوانیان داوەتە بەر تەقەی راستەوخۆ.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٩٤ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نییزامییەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان و رێگە و بانەکانی کوردستان کوژراو و بریندار بوون.

ئاویەر.ت