کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران

20:20 - 21 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە سـنە چالاکێکی کرێکاریی کوردیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠ رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی لە شاری سـنە چالاکێکی کرێکاریی کوردیان دەستبەسەر کرد.

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ناوەندە کرێکارییەکان، شوناسی ئەو چالاکە کرێکارییەی حاتەم سەمەدی راگەیاندووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە و هەتا ئێستا لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

دەستبەسەرکرانی چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ناوەندە کرێکارییەکان لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەندی ٤ی ماددەی ٢٣ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ پەسندکراوی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر کەسێک بۆ پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی مافی پێکهێنان و ئەندامەتی لە یەکیەتییە کرێکارییەکاندا هەیە.

راپۆرتەکان لە کوردستان باس لەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران بە هۆی نەدانی حەقدەست و داواکاری زیادکردنی مووچە و ناڕەزایەتیی سەبارەت بە دەرکرانی کرێکاران دەبێتە هۆی دەستبەسەکران و تۆمەت وەپاڵدان بە کرێکاران.

لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین حاڵەت دەستبەسەرکران، بانگهێشت و موحاکمەی چالاکانی کرێکاری رووی داوە.

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی موزەفەر ساڵح نیا چالاکی کرێکاری لەلایەن ستادی خەبەری ئیتلاعاتی سـنە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێکراوە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاویش مێهرداد ئەمین وەزیری لەلایەن چالاکانی کرێکاریی کورد کە پێشتر لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا دەستبەسەر کرابوون بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو؛ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا ئاگادار کرایەوە کە دەبێت بە مەبەستی لێپێچینەوە خۆی بە لێکۆلەری لقی یەکەمی دادگای سـنە بناسێنێت.

هەروەها لە هەمان رۆژدا، زانیار دەباغیان چالاکی کرێکاری کوردی خەڵکی سـنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کرابوو.

ئاویەر. ت